کەرکوک، بەبۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەمەوە ڕژاک سیمینارێکی پێشکەشکرد

لە شاری کەرکوک، ڕژاک بەبۆنەی رۆژی ٢٥ی تشرینی دووەمەوە سیمینارێکی پێشکەش کرد و تیدا جەختی کردەوە کە ئازادی ژن ئازادی کۆمەڵگایە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ لە گەرەکی شۆریجەی شاری کەرکوک، لە درێژەی چالاکییەکانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بەبۆنەی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سیمینارێک پێشکەش بە زیاتر لە ٢٠ خوێندکاری شاری کەرکوک کرا.

 

سیمینارەکە بە دروشمی (لەدژی ڕەشەکوژی ژنان بە فەلسەفەی ژن ژیان ئازادی لە تێکۆشان بەردەوامین)، لەلایەن سارا ڕەزا ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕژاک پێشکەشکرا، پاش تەواو بوونی سیمینارەکەش پەرتوکەکانی ژنۆلۆژی، سەدەی بیست و یەک سەدەی ژنە، خێزان، کۆوتاری شەهید ناگیان ئاکارسەل بەناوی گەڕیدەی حەقیقەت بەخشرایە ئامادەبووانی سیمینارەکە.

 

لە سیمینارەکەدا سارا ڕەزا باسی لەوەکرد، "وەکو ژنانی کورد کە زۆرترین توندوتیژی بەرامبەرمان دەکرێت، لەوانەش ئەشکەنجە و دەستدرێژییەکان بەپێویستمان زانی ئەم سیمینارە سازبکەین بەتایبەتی کەرکوک شاری پێکەوەژیان و پێکهاتە جیاوازەکانە.

 

سیمینارەکە کە لە چوارچێوەی مێژووی ژن، خەباتی ژن، خەباتی ئەمڕۆی ئازادی ژن لەناو پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، ئاماژە بەوەکرا تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگەش ئازاد نابێت.

لە کۆتایی سیمینارەکەدا سارا ڕەزا جەختی لە بڵنکردنی تێکۆشانی ژنان کردەوەو وتی: چۆن ژنانی رۆژئاوای کوردستان، شەنگال و مەخموور پێشەنگایەتی ئەو تێکۆشانە دەکەن، بۆیە پێویستە ئێمەی ژنانیش پێشەنگایەتی بۆ ئەو تێکۆشانە بکەین، چونکە تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت، وە بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی تێکۆشانمان بڵندتر دەکەین.