۱۰۰ ئاوارەی ئێزیدی لە دهۆکەوە دەگەڕێنەوە شەنگال
۱۰۰ ئاوارەی دیكەی ئێزیدی لە کامپەکانی دهۆک گەڕانەوە شەنگال بۆ زێدی خۆیان.
ناوەندی هەواڵ
گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان بەردەوامی هەیە و عێراق مەبەستیەتی کۆتایی بە دۆسییەی ئاوارەكان بهێنێت.
ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، ۱۰۰ ئاوارەی ئێزیدی لە کامپی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان لە قەزای شەنگال.
ئیڤان فایەق ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ خستنەروی پاڵپشتیی تەواو و تێپەڕاندنی هەمو ئەو ئاستەنگانەی کە ڕێگری دەکەن لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی دیکە بۆ زێدی نیشتەجێبونیان لە قەزای شنگال و پێشکەشکردنی هاوکاریی فریاگوزاری بۆیان.
ڕاشیگەیاند، هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان و حکومەتە ناوخۆییەکان هەیە تاوەكو ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.