لە سوەیدا خۆپیشاندەران بە گولە وەڵامیان دەدرێتەوە

بەهۆی خۆپیشاندانی بەردەوامی خەڵکی سوەیدا، حکومەتی دیمەشق بۆ ڕاوەستاندنی خۆپیشاندەران گولەی بە ڕوویاندا تەقاند، بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکە بریندار بوو.

روشيل جونيور

 

سوەیدا- دوێنێ خەڵکی شاری سوەیدا مانگرتنی تەواویان ئەنجامدا و چوونە بەردەم ناوەندی نیشەجێبوون بۆ خۆپیشاندان هەر بۆیە ئەمڕۆ ٢٨ی شوبات، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی دیمەشق بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لە ئاسمان و بەرەو خۆپیشاندەرانی شاری سوەیدا کرد، بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک بەهۆی برینەکانی، و برینداربوونی کەسێکی دیکە.

 

مەها بەرجاس، یەکێکە لە خۆپیشاندەران، ئاماژەی بەوەکرد کە بانگەوازی ئاشتی دەکەن و داوای مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن بە حکومەت بە فیشەک وەڵامیان دەداتەوە ئەمەش بۆ ئەوەی خەڵکەکە بێدەنگ بکەن و بیانترسێنن، وتیشی: هەرچەند بە چەکەکانیان بمانترسێنن ئێمە لە داواکردنی مافەکانمان ناوەستین.

 

ڕەجا عەریج، داوای لە ژنان کرد بچنە ناو گۆڕەپانی خۆپیشاندەرەکانەوە و داوای مافەکانی خۆیان بکەن، هەروەها جگە لە سوەیدا شارەکانی دیکەش بێنە سەر خەت و لەگەڵ شاری سوەیدا دەنگ هەڵبڕن.

 

ئیلهام نەبوانی، ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، خۆپیشەندەران بەردەوام بوون، چونکە خەڵکی دەزانن کاتی ئەوەیە ڕووبەڕووی چەوساندن ببنەوە.