گیان لەدەستدان و برینداربوون لە زیندانی تشابهار پێشێلکارییەکی ڕاستی مافی زیندانیان نیشان دەدات
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ، دەیان زیندانی بەلووچ کە ناڕەزایەتیان دەربڕی بە کەمکردنەوەی بەشەخۆراک، دوای ئەوەی لە زیندانی تشابهار لەلایەن هێزە سەربازی و ئەمنییەکانەوە تەقەیان لێکرا، کوژران و بریندار بوون.
ناوەندی هەواڵ
دوای کەمکردنەوەی بەشەخۆراک و بڕینی ژەمەکان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە زیندانی تشابهار پێکدادانێکی توندوتیژ سەریهەڵدا، ئەمەش وایکرد زیندانیانی بەلووچ ناڕەزایەتی دەببڕن بەرامبەر تێکچوونی بارودۆخی ژیانیان.
ڕاپۆرتەکانی دەزگای حالوش”Halvash” بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی ناڕەزایەتییەکان کە بەهۆی کەمبوونەوەی بەشە خۆراکەوە سەری هەڵداوە، هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە ناو زیندانێکی بەلوچستان تەقەیان لێکردوون و دەیان زیندانیی بەلووچ کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕووداوەکان لەوکاتەوە دەستیپێکردووە، کە زیندانیانی زیندانی تشابهار ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە ڕاگرتنی ژەمەکان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک و کەمی پێداویستیی خۆراک، لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان، هێزە ئەمنییەکان و یەکە تایبەتەکان هەڵیانکوتایە سەر زیندانەکە و ڕاستەوخۆ تەقەیان لە زیندانییەکان کردووە و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
دامەزراوەکە لە سەرچاوەکانی بەلوچەوە بڵاویکردەوە، کە ناڕەزایەتییەکان دوای وەستاندنی دابەشکردنی خۆراک بۆ چەند ڕۆژێکی یەک لە دوای یەک سەریان هەڵدا، ژمارەیەک لە زیندانییەکان لە حەوشەی زیندانەکە کۆبوونەوە، ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە بۆ ژوورەکانیان و داوای گواستنەوەیان بۆ زیندانە پارێزەراوەکان کرد یان دۆسیەی ئازادکردنیان جێبەجێ بکرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لە تشابهار، هەندێکیشیان توانیویانە پەیوەندی بە کەسوکارەکانیانەوە بکەن و ئاگاداریان بکەنەوە کە لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا ژمارەیەک زیندانی گیانیان لەدەستداوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە هۆکاری سەرەکی ناڕەزایەتییەکان ڕاگرتنی تەواوەتی دابەشکردنی خۆراک بووە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، ئەمەش وایکردووە زیندانییەکان پشت بە بڕێکی سنووردار لەو خۆراکانە ببەستن کە پێشتر لە فرۆشگای زیندانکە کڕیویانە.