گروپی کچانی خوێنەری شارەزوور فیلمی ئێرانی "سورەیا"یان نمایشکرد
گروپێک لە کچانی سەیدسادق زنجیرەیەک فیلمیان ئامادە کردووە لە شەوانی ڕەمەزاندا نمایشی بکەن، یەکەم فیلمیشیان لە شەوی ڕابردوودا نمایشکرد.
سەیدسادق
گروپی کچانی خوێنەری شارەزوور بەهاوکاری ڕێکخراوی ڕێنوس یەکەم فیلمیان بە ناوی "سورییا" فیلمێکی سینەمایی ئێرانییە بە ئامادەبوونی هاوڵاتیان و ژنانی سەیدسادق نمایشکرد.
فیلمی سورەیا باس لەو توندوتیژییانە دەکات کە بەرامبەر ژنانی ئێران دەکرێت، ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە ژنێکی ئێرانی دەکات بە ناوی سورەیا، بەهۆی بوختان و تێڕوانینی هەڵەی کەلتوریی و ئاینی ئێرانەوە بەردباران دەکرێت.
چیرۆکی فیلمەکە لە ڕاستییەوە وەرگیراوە، ئەو ڕووداوە لە گوندێکی وڵاتی ئێراندا لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێراندا ڕوویداوە، ئەم ڕووداوە لە زاری هاوڕێیەکی سورەیاوە بۆ ڕۆژنامەنووسێکی فەرەنسی دەگێڕدرێتەوە کاتێک دەچێتە گوندەکەیانەوە، دواتر ڕۆژنامەنووسەکە چیرۆکی سورەیای ڕاستەقینە بۆ میدیا جیهانییەکان باس دەکات، دەبێتە جێی سەرنجی جیهان و ئەو فیلمەی لێ بەرهەمدێنن، ئامانجی هاوڕێکەی سورەییا لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە بۆ ڕۆژنامەنووسەکە ئەوەیە بۆ هەموو دونیا ئاشکرا بکات چۆن توندوتیژی بەرامبەر ژنانی ئێران دەکرێت و ژنان ڕووبەڕووی چ مەترسییەک دەبنەوە.
گروپی کچانی خوێنەری شارەزوور، پێکدێت لە ژنانی گەنجی سەیدسادق بە شێوازی کاری خۆبەخشی لە ڕووی هونەری، وەرزشی، تەندروستی و ڕۆشنبیریەوە خزمەت بە ژنانی سەیدسادق دەکەن، نمایشکردنی فیلمی سورەییا یەکەم چالاکی گروپەکە بوو بە ئەنجامیاندا.
ت.پ