گۆرانیبێژێکی ئێرانی بەهۆی کۆنسێرتێکی یوتیوبەوە دەستگیرکرا
دەسەڵاتدارانی ئێران گۆرانیبێژێکیان دەستگیر کرد، دوای ئەوەی لە کلیپێکی ڤیدیۆیی بە بێ حیجاب گۆرانی وتووە، ئەمەش کاردانەوەی چالاکوانانی لێکەوتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٢ی کانوونی یەکەم، پاراستۆ ئەحمەدی، گۆرانیبێژی ئێرانی کۆنسێرتێکی دیجیتاڵی لە یوتیوب پێشکەش کردو ڕایگەیاند، من پاراستۆم، کچێکم کە دەمەوێت گۆرانی بۆ ئەو کەسانە بڵێم کە خۆشم دەوێن ئەمە مافێکە، گۆرانی بۆ خاکێک دەڵێم کە بە سۆزەوە خۆشم دەوێت.
پاراستۆ ئەحمەدی تەمەن ٢٧ ساڵ، بە جلی ڕەشی درێژ و بێ قۆڵ و بێ حیجابەوە دەرکەوت، ئەمەش وەک سەرپێچی لە ڕێسا توندەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران، ئەمەش دەسەڵاتدارانی ئێرانی توڕە کرد، کە دژایەتی ئازادی جلوبەرگ بە تایبەت بۆ ژنان دەکەن، بۆیە دوێنێ ١٤ی کانوونی یەکەم، دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ دوو موزیکژەن دەستگیریان کرد.
لەمبارەیەوە پارێزەرەکەی وتی: بەداخەوە ئێمە نازانین تۆمەتی پاراستۆ ئەحمەدی چییە کە دەستگیر کراوە یان لە کوێ ڕاگیراوە، بەڵام لەڕێگەی دەسەڵاتی یاساییەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین.
پاراستۆ ئەحمەدی یەکەم ژن نەبوو کە تووشی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بوو لە ئێران لە سەرەتای ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادییەوە، ژنان تووشی پێشێلکاری و دەستبەسەرکردنی سیستماتیک بوون و بەبیانووی پابەندنەبوونیان بە ڕێساکانەوە.