گەنجانی سلێمانی بە هونەر پاڵپشتی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد

بەئامادەبوونی ژمارەیەک بەرچاو لە هونەرمەندان و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، خۆپیشاندان و کۆنسێرتێکی هونەری بۆ پاڵپشتی ڕۆژئاوا ئەنجامدرا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی،  خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بەبەشداری چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەچوارچێوەی خۆپیشاندانێکی  ئاشتیانە بە ئامانجی دەربڕینی یەکدەنگی و پشتگیری سیاسی و مرۆیی لە گەلی ڕۆژئاوا ئەنجامدرا، کە تێیدا ئۆکێسترای گەنجانی نەوا کۆنسێرتێکی هونەری و سروودی بەرەنگاریان پێشکەش کرد، کە بوو بە پەیامێکی ڕوون، بۆ ئەوەی کە هونەر دەبێتە ئامڕازێکی کاریگەر لە بەرەنگاربوونەوەی زۆرەداری و دەربڕینی هاوسۆزی نەتەوەیی.

 

هەروەها بەشدار‌بووان جەختیان لەسەر بەردەوامی پاڵپشتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بارودۆخی ناوچەکە بە گرنگ بزانن و  دەست لە توندوتیژی و فشارەکان بهێنن.

 

"ژنان پشتیوانییەکانیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان چڕتر دەکەنەوە"

یارا محەمەد، خوێندکاری بەشی هونەر، وتی: بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئێمە وەک گەنج و هونەرمەند ڕژاوینەتە سەر شەقامەکان، هەروەها  یەکبوونی کورد لەم کاتەدا زۆر گرنگە و لەدوای ئەم چالاکییەشەوە بەڕێدەکەوین بۆ پشتیوانی و لەسەر شەقامەکان دەمێنینەوە.

 

لە کۆتای قسەکانیدا، وتیشی: ژنان لە خۆپشاندانەکاندا ڕۆڵی کارایان هەیە، ماوەی چەندین ڕۆژە لەسەر شەقامەکان پشتیوانی هەیە، ڕۆژانی دواتریش بەردەوام دەبین و پشتیوانیەکانمان چڕتر دەکەینەوە.

 

"بەردەوامی ڕێپێوانەکان ئاماژەیە بۆ یەکبوونی کورد"

گوڵی عەبدوڵا، خوێندکار، وتی: ئەمڕۆ بەشداریم لەم چالاکییەدا کردووە، کە ئامانجمانە نیشانی دوژمنی بدەین کوردەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەتەنها نین و ئێمە پشتیوانی خۆمانیان بۆدەردەبڕین، هەروەها ئێمە بەرپەچی دوژمن دەدەینەوە، پشتیوانی لە خوشکان و براکانمان لە ڕۆژئاوا دەکەین، ئێمە لێرە سەرمان بە ئەوان بڵندە.

 

لە کۆتای قسەکانیشیدا، وتی: ئەم خۆپشاندانانە پێویستی بە بەردەوامی هەیە، پێویستە هاووڵاتیان لە تەواوی پارچەکان و شارەکان پشتیوانی دەرببڕن، هەروەها گەنجان بەدەم بانگەوازی سەفەربەرییەوە هەنگاوهەڵبێنن، ئێمە بەردەوامدەبین.