گەنجانی کورد: شان بە شانی شەڕڤانان بەرخۆدان دەکەین
گەنجانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەڵێن: ئێمە وەکو گەنجانی باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر پاراستی وڵاتمان، بە ئامانجی بەرگریکردنمان لە ڕۆژئاوا بەشداری سەفەربەری گشتی دەبین شان بە شانی شەڕڤانان بەرخۆدان دەکەین.
هێلین ئەحمەد
دێرک- لە پاش ئەوەی ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی لە دیمەشق گەڕایەوە بۆ حەسەکە، بڕیاریدا تا دوا دڵۆپی خوێن بەرخۆدان بکەن، دواتر پەیەدە و خۆبەڕێوەبەری بڕیاری بەرخۆدانیاندا و سەفەربەری گشتییان ڕاگەیاند، بۆ بەدەنگەوە چوونی بانگەوزییەکە هاوڵاتیان لە باشووری کوردستان لە سەرجەم شارو شارۆچکەکانەوە وەڵامی سەفەربەریان دایەوە و شەوی ٢٠ی کانوونی دووەم خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، دواتر بەیانی ٢٠ی کانوونی دووەم، لە سلێمانی و چەندین شارو شارۆچکەی دیکەی باشووری کوردستان هاوڵاتیان بەرەو دەروازەی سێمێلکا و ڕۆژئاوای کوردستان کەوتنەڕێ، هەروەها کاتژمیر ١:٠٠ کاروانی دووەم هاوڵاتیانی باشوور لە سلێمانییەوە بەڕێکەوتن.
''گەل لە پشت سنوورەکان هێز بە ئێمە دەدەن، ئێمە هەمووومان سنورەکان تێکدەشکێنین''
دوربین تەبەل حەما، هاوڵاتی شاری عەفرین و خوێندکار لە پەیمانگای بڵندی هونەری بەشی شانۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان، وتی: لە شارەکاندا ئێمە شەڕ لە دژی داگیرکەر دەکەین و دژ بە دەسەڵاتداری داگیرکەر دەوەستینەوە، هەروەها گەلی باکووری کوردستان و باشووری کوردستان پشتیوانیمان دەکەن، گەنجان سنوورەکانیان تێکشکاندووە، بۆپشتیوانی هاتوونەتەلامان، پێکەوە لەگەڵ یەک هەوڵدەدەین دوژمن تێکبشکێنین، دوژمنان لەو پێکەوەییە دەترسن، ئێمە لەگەڵ هاتنی دوژمنەکانمان شەڕدەکەین، ڕووبەڕوویان دەوەستینەوە، ئێمە بە یەک فکر و بە یەکدەستی دەتوانین بەیەک ئاڕاستە دوژمن تێکبشکێنین، هەروەها ئێمە سوپاسی کورد لەپارچەکانی دیکەی کوردستان دەکەین، کە سنوورەکانیان بەزاند بۆ پشتیوانی، بۆیە ئێمەش فکری داگیرکەر پێکەوە تێکدەشکێنین، هەروەها گەل لە پشت سنوورەکان هێز بە ئێمە دەدەن، ئێمە هەمووومان سنورەکان تێکدەشکێنین و نامانەوێت سنوورەکان لێکمان دابڕێنێت.
''شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ژنە''
فادیە عەلی، ئەندامی پەیمانگای بڵندی هونەری ڕۆژئاوای کوردستان، وتی: شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان شۆڕشی ژنە، پێویستە ژنان لە تەواوی پارچەکانی کوردستان بەشداری لە بەرخۆدان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان بکەن، تا ئێمە وەکو ژن بگەینە بە مافەکانی خۆمان و ژنان لە دەسەڵاتداری ڕزگار بکەین، بۆئەوەی ببنە ژنێکی ئازاد لەسەر خاکێکی ئازاد، هەروەها زۆرێک لە ژنان لە باکووری کوردستان و باشووری کوردستان بۆ خەبات و بەرخۆدانی و بەرگری لە کورد و خاکی کوردان ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، هەروەها ژنان بە ئامانجی پاراستنی مافەکانیان ڕوویان لە خەبات و بەرگری کردووە.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: ئێمە و ژنانی پارچەکانی دیکەی کوردستان سۆز و وەفا و پەیمانمان دووپاتدەکەینەوە، چەکمان بۆ دوژمنە و ناهێڵین دوژمن خاک و مافمان داگیربکات و سەردەکەوین و سەربەرزانە ڕووبەڕووی دوژمن دەبینەوە.
''دایکم پشتیوانی لێکردم، چونکە ئەوان بۆ پاراستنی خاک و وڵاتم منیان ناردووە''
زێبار میقداد، کە لە پایتەختی نەورۆز بەشداری بۆ گیانفیدای ڕۆژئاوای کوردستان کردووە، ئاماژەی بەوەکرد، پاش ڕاگەیاندنی سەفەربەرییەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، گەلی کورد لە تەواوی شارە جیاوازەکانی باشووری کوردستان ڕژاونەتە سەرشەقامەکان، تا بتوانن پشتیوانی خۆیان بۆ کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتبکەنەوە، هەروەها زۆرێک لە گەنجان سەرەڕای پشتیوانی خۆیان ئامادە کردووە بۆ بەشداریکردن لە شەڕ دژی دوژمن، هەروەها من لەگەڵ زۆرێک لەو گەنجانە لە کاروانی یەکەمدا هاتینە ڕۆژئاوا و پاشان کاروانەکانی دیکە هاتن.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتی: کەمێک بەر لە هاتنم و بەشداری کردنم لە هێزەکانی پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان، پەیوەندیم لەگەڵ ماڵەوەم کرد و دایکم پشتیوانی لێکردم، چونکە ئەوان بۆ پاراستنی خاک و وڵاتم منیان ناردووە، پێیان وتم: ''بچۆ تۆ بەرخۆدان دەکەیت و بەشداربە لە پشتیوانی هەڤاڵەکانت'' بۆیە ئێمە بە گیانی بەرخۆدانییەوە بەشداری دەکەین.
''لە ڕۆژی مان و نەماندا داوا لە هەموو مرۆڤێکی خاوەن شەرەف دەکەین بە هەموو توانایەنەوە بەشداری بکەن لەسەفەربەری''
هیوا ڕەشید، چالاکوان، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، وتی: بۆ ڕای گشتی، وەکو دەزان کە چەند ڕۆژێکە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەشێوەیەکی وەحشیانە چڕبۆتەوە، بێگومان ئەو هێرشانە بۆ سڕینەوە و کۆمەڵکوژکردنی گەلەکەمانە لە ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها بە ئامانج گرتنی هەموو گەلی کوردستانە، بەشێوەیەکی ئاشکراش زیندوو کردنەوەی داعشە، هەروەها لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلی ئازادیخوازی کوردە، بۆیە ئێمە وەکو گەنجانی باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر پاراستی وڵاتمان، هەروەها بە ئامانجی بەرگریکردنمان لە ڕۆژئاوا بەشداری سەفەربەری گشتی دەبین شان بە شانی شەڕڤانان بەرخودان دەکەین و سنوور و هێرشی داگیرکاران تێکدەشکێنین، هەروەها بەڕۆحی گەنجانەوە و یەکدەنگی گەلی کورد خەونی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکان لە گۆڕ دەنێین، بۆیە لە ڕۆژی مان و نەماندا داوا لە هەموو مرۆڤێکی خاوەن شەرەف دەکەین بە هەموو توانایەنەوە بەشداری بکەن لەسەفەربەری و بەئەرکی وڵات پارێزی خۆیان هەڵبستن و بەرامبەر زوڵم و سەردەستەیی داگیرکەر هەڵوێست نیشان بدەن، بێگومان ئەو دەستەی بۆ ئازادی گەلەکەمان درێژ بکرێت دەشکێنرێت و تەنها ڕووڕەشیان بۆ دەمێنێتەوە، بۆیە ''یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە''.