غەززە سەرەڕای جەنگ، ژنان بەرەنگاری زەحمەتەکان دەبنەوە بۆ پاراستنی پێداویستییەکانیان

ژنانی فەڵەستینی ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە لەژێر باری شەڕی بەردەوام لە کەرتی غەززە، بەتایبەتی دابینکردنی نان و خۆراکی ڕۆژانە لە کاتێکدا کارەبا و ئاوی پاک و چاودێری تەندروستی بەردەست نییە.

نەغەم کەراجە

 

غەززە-لەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کە نزیکەی پێنج مانگە بەردەوامە، ژنانی فەڵەستینی دوو هێندە ئازار دەچێژن، ئەمەش بەهۆی پێویستییەکی بەپەلە بۆ دابینکردنی خۆراک و دابینکردنی بژێوی ژیان، لە نێوان ئاستەنگییەکانی ژیانی ڕۆژانە و زیادبوونی هەژاری و برسێتی و تێکچوونی ئامڕازەکانی ژیان، ناچاریان دەکات بەزۆر خۆیان بگونجێنن لەگەڵ بارودۆخی تراژیدی و باری بەرپرسیارێتییە کەڵەکەبووەکانیان.

 

" ڕووبەڕووی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی داگیرکاری دەبینەوە"

سەماهەر شوەیخ، فەڵەستینی ئاماژەی بەوەدا، هەموو ژنانی کەرتی غەززە لە سەرەتای ٧ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر کارەساتبار بوونەتەوە، پێداویستییەکانیان دابین دەکەن و ئەرکەکانیان لە بارودۆخێکی سەختدا جێبەجێ دەکەن کە لەگەڵ توانای جەستەیی و دەروونی خۆیاندا ناگونجێت لەژێر بۆردومانی بەردەوام و ئازاری ئاوارەبووندا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی برسێتی، ڕووبەڕووی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی داگیرکاری دەبینەوە، چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە لە نەبوونی دادپەروەری و یاسا نێودەوڵەتییەکان و بێدەنگی جیهانی.

 

شایەتی بڕینی بەردەوامی یارمەتییەکان و کەمی خۆراکە بنەڕەتییەکانن

وتیشی: پێداویستییەکانی ژیان لە کەرتی غەززەدا بەردەست نین، تەنانەت نانێک بەهۆی بە ئامانجکردنی نانەواخانەکان و ڕێگریکردن لە چوونەژوورەوەی ئارد بەناو دەروازەکاندا بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ ئەستەم بووە، بۆیە ژنان ناچارکراون بەدوای جێگرەوەیەکی دیکەدا بگەڕێن کە بریتییە لە خۆراکی ئاژەڵ و دواتر تێکەڵکردنی بۆ ڕازیکردنی برسیەتی منداڵەکانمان، کێ دەتوانێت نانی منداڵەکانی ئاوا دروست بکات؟ بێدەنگی عەرەبەکان تراژیدیای بارودۆخی سەخت و خراپتری زیاد کردووە، ئەگەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل گیان لەدەست نەدەین ئەوا بە هەژاری و برسێتی گیان لەدەست دەدەین، ژنان ناتوانن خۆراکی تەندروست بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، چونکە شایەتی بڕینی بەردەوامی یارمەتییەکان و کەمی خۆراکە بنەڕەتییەکانن، ناچارین پشت بە سەرچاوە سنووردارە ناوخۆییەکان ببەستن، لەوانە بەکارهێنانی خۆراکی ئاژەڵان و ئەم بژاردەیە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییە ئازاربەخشەیە کە تێیدا دەژین.

 

سەماهەر شوەیخ ئاماژەی بەوەشکرد، تووشی کێشەی سنگ و سییەکان بووە بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵی ژەهراوی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە کاتی سوتاندنی دار و هەروەها چەندین سوتان لە کاتی ئامادەکردنی خواردن و نان لەسەر ئاگر، وتی: ئەم بارودۆخە سەختە کاریگەری دەروونی و جەستەیی ڕوونیان لەسەر ژیانم بەجێهێشت، بارودۆخەکەم بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بوو تەنها لەبەر ئەوەی هەوڵمدا خۆراکی پێویست بۆ خێزانەکەم دابین بکەم.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بە ناوی هەموو ژنانی کەرتی غەززەوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم بەپەلە دەستوەردان بکەن وڕەچاوی ئەو قەیرانە مرۆییە سەختەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە بکەن، بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکان و دابینکردنی هاوکاری و پاراستنی تایبەت بۆیان وەک مافێکی بنەڕەتی و ڕەوا کە لەلایەن مافەکانی مرۆڤ و ژنانەوە مسۆگەرکراوە.