فەراشین هێزدای ئینتەرناسیۆنالیست: مرۆڤایەتی لە کۆبانێ پارێزراوە

فەراشین هێزدا لە ئەڵمانیا یەکێکە لەو ژنانەی کە چیرۆکەکەی لە کۆبانی لەگەڵ خەبات و بەرخۆدانی ژنان لە کۆبانی یەکدەگرن وتی: مرۆڤایەتی لە کۆبانێ پارێزراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

چەتەکانی داعش کە دەیانویست بە ئایدۆلۆژیای تاریکیان کۆنترۆڵی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن، بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر شاری کۆبانێی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠١٤ بە سەدان تانک و تۆپ کۆمەڵکوژیان لە دژی گەل لە گوندەکانی کۆبانی و پاشان لە شارەکە ئەنجامدا، لە دژی ئەم هێرشە دڕندانەیە، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، کە زۆربەیان منداڵی ئەو خاکە بوون، بە چەکی سوک ویستیان ڕێگری لە هێرشەکان بکەن، کاتێک چەتەکان هێرشیان دەستپێکرد، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داوای لە هەموو ئەوانە کرد کە دەیانەوێت ئاشتی و ئازادییان هەبێت بگەڕێنەوە بۆ کۆبانی، بەو بانگەوازە، هەزاران گەنج لە باکووری کوردستان سنوورەکەیان تێپەڕاند و ڕوویان لە کۆبانێ کرد و شەڕی شەرەفیان کرد.

 

ئەو بەرخۆدانەی کە شەڕڤانان لە کۆبانێ ئەنجامیان دا سەرنجی هەموو جیهانی ڕاکێشا، بەرخۆدانی شەڕڤانان یەکگرتوویی لە هەموو گەلانی ئازاددا پێکهێناوە و وای لە هەزاران کەس لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا کرد بچن بۆ کۆبانێ بۆ ئەوەی شایەتی ئەم ئەفسانەیە بدەن و بە ڕۆحێکی ئینتەرناسیوناڵ لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لەدژی داعش شەڕ بکەن.

 

فەراشین هیزدا یەکێکە لەو گەنجانەی کاریگەری بەرخۆدانی کۆبانێ هانیدا بچێتە ئەو شارەو ڕۆژئاوای کوردستان و لەو بارەیەوە قسەی بۆ کردین.

 

"بە بەرخۆدانی کۆبانێ زۆر کاریگەر بووم"

فەراشین ‌هێزدا لە ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵی ٢٠١٤ لە ئەڵمانیا بووە کاتێک بۆ یەکەم جار ناوی کۆبانێی بیستووە وتی: لە سەرەتادا تەڤگەری کوردی و ڕۆژئاوام بە باشی نەدەناسی، لە کاتی جەنگی کۆبانێ، هاوڕێیەکم پێی وتم کە بڕۆم بۆ ڕێپێوان، ئێمە ڕۆیشتین، ئەم ڕێپێوانە بۆ پشتیوانی لە کۆبانی بوو بەپەرۆشیەوە تێپەڕی، لە زۆربەی ڕێپێوانەکان ئەوروپا بەشداری دەکەن، بەڵام ئەم ڕێپێوانە زۆر جیاواز بوو. دایکان، باوکان، منداڵانی هەموو تەمەنەکان بەشدارییان کرد، دواتر بۆم دەرکەوت کە ئەم تەڤگەرو شۆڕشانە کاریگەری زۆریان لەسەر خەڵکی جیاواز هەبووە، لە کەش و هەوای ڕێپێوانەکەدا، دیار بوو کە هەموو کەسێک بەدڵ هاتبوون بۆ مەیدانەکە، هەستم دەکرد لە شتێکی زۆر گەورەدا بووم بەڵام هێشتا هیچم لەبارەی کۆبانێوە نەدەزانی، هەندێک لەو هاوڕێیانەم دەناسی کە لە شەڕی کۆبانی بوون و زۆر سەرسام بووم پێیان، زۆرێکیان لە شەڕەکەدا بریندار بوون، ئەو هاوڕێ بریندارانەی کە چاوم پێیان کەوت ڕۆحێکی زۆر بەرزیان هەبوو، ئەوان لە جەنگەکەدا سەختی زۆریان بینیبوو، بەڵام وازیان لە شۆڕش نەهێنا ئەوەش زیاتر کاریگەری لەسەر من هەبوو ، گەل شانبەشانی شەڕڤانان چەتەکانی داعشیان تێکشکاند.

 

"بنەمای بەرخۆدانی کۆبانێ تەڤگەری ئازادی کوردە"

فەراشین هێزدا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا پێش چوونی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری لە بزووتنەوە فێمینیستی و چەپڕەوەکان کردووە و وتی: من شوێنی خۆم لە بزووتنەوە فێمینیستی و چەپڕەوەکان لە ئەوروپا گرت، چەند هاوڕێیەکم هەبوو کە باسی کوردستان و کۆبانی و تەڤگەری کوردیان دەکرد، دواتر ویستم بزانم کوردستان چییە، بەشداریم کرد لە ژنۆلۆژی لە ئەوروپا. کاتێک لە شۆڕشی کۆبانێ تێگەیشتم، بینیم کە ژنان خەباتێکی گەورەیان کردووە و بناغەی بەرخۆدانی کۆبانێ تەڤگەری ئازادی کورد بووە، لەبەر ئەم هۆکارانە، چوومە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

"شەڕی کۆبانێ شەڕی نێوان کولتووری خوداوەند و کولتووری پیاوی زاڵ بوو"

فەراشین ‌هێزدا، کە شەڕی کۆبانێ بە جەنگێک لە نێوان کولتووری خوداوەندی و کولتووری پیاوی زاڵ پێناسە کرد وتی: ئەو جەنگەی کە ٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لە کۆبانێ، ژنانی شەڕڤان کە لە هێڵی خوداوەندەکاندا ڕێپێوانیان دەکرد، توانیان هێڵی پیاوسالاری ببەزێنن، هەرگیز ئەم بەرخۆدانە لەبیر ناکەین، دەزانین کە هێزەکانی ژنان زۆر بەهێزن، دەتوانین هەمیشە بیر لەو سەرکەوتنە بکەینەوە و ژنانی جیاواز نیشان بدەین کە ژنان دەتوانن لە بەرزترین تێکۆشاندا لە دژی پیاوسالاری سەرکەوتوو بن.

 

"هێزی ژنانی کۆبانێ هێزی هەموو ژنانی جیهانە"

کاتێک پرسیارمان لە فەراشین ‌هێزدا کرد کە چۆن پێناسەی کۆبانێ دەکەیت بە وشەیەک یان ڕستەیەک، بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە: بە هیوا، باوەڕو هێزی ژنان پێکەوە دەتوانین لە دژی هەر دوژمنێک براوە بین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرخۆدانی کۆبانێ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر خەباتی ژنان هەبووە بەتایبەتی بۆ ژنان لە بزووتنەوە چەپڕەوەکاندا. ژنانی وەک شەهید ئارین ژنان لە ئاستێکی بەرزدا هاندەدەن، بەڵام زۆرجار هەڵە دەکەین کە خەباتی ئەوان لە خەباتی گەلانی دیکە جیادەکاتەوە و دەڵێین جەنگ لە کۆبانێیە.  جەنگەکەمان جیاوازە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، وەک ژنان، دەبێت خۆمان لە هەموو خەبات و بەرخۆدانێکی ژناندا ببینینەوە، هێزی ژنانی کۆبانی هێزی هەموو ژنانی جیهانە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئەوروپا و جیهان بەشداری خەباتی چەکداریان کردووە و لەو پێناوەدا شەهید بوون، ئەو ژیانی خۆی بۆ ئازادی ژنان و خەبات بۆ ژیان بەخشی،  بە شەڕکردن لە دژی داعشی ئینتەرناسیۆنالیست، گەیشتە ئاستێکی بەرزتر.

 

"بە هاتنی ڕێبەر ئاپۆ، بناغەی تێکۆشان دامەزرا"

فەراشین هێزدا ئاماژەی بەوەدا کە خەباتی کۆبانێ نەک تەنها کۆبانێی ئازاد کردووە، بەڵکو بووەتە سەرکەوتنێک بۆ هەموو مرۆڤایەتی دژی داعش و وتی: مرۆڤایەتی لە کۆبانێ پارێزراوە، ئەمە سەرکەوتنێک بوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی و لە هەموو جیهاندا پیرۆزکرا، بەڵام کۆبانی تەنها لەو پرۆسەیەدا نەبوو کە داعش هێرشی کردە سەر، کاتێک ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٧٩ باکووری کوردستانی بەجێهێشت، چووە ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆیشت بۆ کۆبانێ، لەو کاتەوە گەلی کۆبانێ دەستیان بە خەبات کرد، بۆیه ده توانین بڵێین که تێکۆشانی کورد له ڕۆژئاوا له کۆبانی ده ستی پێکردووه، کاتێک ڕێبەر ئاپۆ هات بۆ کۆبانێ، بناغەی گەورەترین خەباتی دامەزراند و باوەڕی بە ژنان هەبوو.

 

"کۆبانی بە تەنیا نییە"

فەراشین هێزدا، شەڕڤانی ئینتەرناسیۆنالیست لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێم وایە پێویستە کۆبانی لە وڵاتانی جیاوازدا بنیات بنێین، کاتێک دەمانەوێت کۆبانێ بپارێزین، پێویستە سیستمی سەرمایەداری مۆدێرن بە گشتی تێپەڕێنین، پێویستە نیشانی هەموو جیهان بدەین کە کۆبانی بە تەنیا نییە،  لەبەر ئەوەی هەموو خەباتێک لە جیهاندا لە یەکتر جیا ناکرێتەوە، بەڵکو پشت بە یەکتر دەبەستێت. کاتێک خەبات لە وڵاتێکدا گەشە دەکات، خەباتی ژنان بەگشتی زیاد دەکات، بۆیە دەڵێم پێویستە هەردوو خەبات لە وڵاتەکەماندا زیاد بکەین و پشتیوانییەکی کرداری لە کۆبانی بکەین.