بەهار مەحمود: بەبێ ژن هیچ بوارێک سەرکەوتوو نابێت
گفتوگۆیەک لە بارەی "پەرەپێدانی ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا" لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو، بەهار مەحموود وتی: پێویستە کاڵاکان ساغ بکەینەوە و ئابووری نیشتمانی بەرز بکەینەوە.
هەڵەبجە
لە هۆڵی مستەفا زەڵمی لە شاری هەڵەبجە دامەزراەی ماس بە هاوکاری ڕێکخراوی گەشەپێدانی کولتوور سیمینارێکیان بە ناونیشانی "پەرەپێدانی ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا" تاوتوێ کرد و هەریەک لە یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی پێشووی هەرێمی کوردستان، بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستان و دکتۆر کاروان حمە ساڵح لەبارەی بابەتەوە قسەیان کرد..
بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە بارەی ڕۆڵ و پێگەی ژن وتی: ئێمە وەک دامەزراوەی ماس بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی دانیشتنمان لەگەل ژنانی خاوەنکار کرد لە هەڵەبجە بۆ ئەوەی گوێ لە یەکتر بگرین و بتوانین هاوکاری یەکتری بین بۆ ئەوەی پەرە بە کولتوور بدەین و بتوانین کڕینی بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر بکەین.
بەهار مەحمود ئاماژە بەوە دەدات، "پێویستە کاڵاکان ساغ بکەینەوە و ئابووری نیشتمانی بەرز بکەینەوە، ئەوەی ژنان دەیکەن کەم نییە و ژن لە سەرجەم بوارەکاندا ڕۆڵی هەیە و هیچ بوارێک بە بێ ژن سەرکەوتوو نابێت. لە بواری بازرگانی و سیاسیشدا، ئەگەر هاوکاری نەکرێن ناتوانن بەربەستەکان تێکبشکێنن و پێویستە ژنان بەسەر ئاڵنگاریەکاندا سەرکەون و بازاڕی کاریان بۆ ئامادە بکرێت، کۆمەڵێک هەنگاو دەکرێت بە هاوتاکردنی کارەکانی و هاوکاری ماددی و پەیوەندیەکانیان بۆ دروست بکریت لەگەڵ شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.