پێنجەمین کەرنەڤاڵی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو

بە بەشداری چەندین لایەنی جیاواز، یادی سی و سێ ساڵەی ڕاپەڕینی گەلی کورد لە زانکۆی ڕاپەڕین، خوێندکاران داوا لە ژنان دەکەن خۆیان بەرەوپێشببەن و کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- ئەمڕۆ لە شاری ڕانیە، لە هەرێمی ڕاپەڕین، بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینەکەی ٥ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ی گەلی کورد، کە لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە دەستیپێکرد، کەرنەڤاڵی کولتووری، هونەری، زانستی و کاری دەستی، بە بەشداری سەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی ڕاپەڕین، چین و توێژەکانی سنورەکە، ڕێکخراو و دامەزراوەی سنورەکە لە زانکۆی ڕاپەڕین  بەڕێوەچوو.

 

"لە ناوچە دوورەکانەوە سەردانی کەرنەڤاڵەکەمان دەکەن"

 

شنار غازی، خوێندکارە لە زانکۆی ڕاپەڕین، دەربارەی ساڵیدای سی و سێ ساڵەی ڕاپەڕینی گەلی کورد، ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانە زانکۆی ڕاپەڕین کەرنەڤاڵ بۆ یادی ڕاپەڕین ئەنجامدەدات، ئەوان وەک خوێندکار بەشداری لەو کەرنەڤاڵەدا دەکەن، وتی: ئەمڕۆ بە ئامادەکردنی چەند پۆستەرێک دەربارەی چەند نەخۆشیەکی جیاواز بەشداریمان کردووە، بەو ئامانجەی زانیاری ببەخشین بەو کەسانەی سەردانمان دەکەن.

 

"ژنان توانای گۆڕینی کۆمەڵگەیان هەیە"

 

ئانیا عوسمان، خوێندکاری قۆناغی یەکی بەشی تاقیگەی پزیشکی، لە زانکۆی ڕاپەڕین، باسی لەوەکرد، هەموو ساڵێک یادی ئەو ڕاپەرینە دەکەن کە گەلی کورد لە ساڵی ١٩٩١ بەرامبەر بە ڕژێمی بەعس ئەنجامیدا، پەیامێکی بۆ ژنان نارد و وتی: هەرچەندە ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، بەڵام تا ئێستا کۆمەڵگە قەیرانەکانی وەک ئابووری و سیاسی تێدایە، ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئانیا عوسمان، ڕوونیکردەوە، ژنان ڕۆڵی دیاریان هەیە لە کۆمەڵگەدا و دەتوانن ئاڕاستەی کۆمەڵگە بەرەوپێش ببەن، داوا لە هەموو ژنێک دەکات کار لەسەر خۆیان بکەن و خۆیان پەروەردە بکەن، هەوڵ بدەن تواناکانیان لە بواری جیاوازدا زیاد بکەن و بگەنە ئامانجەکانیان.