لە چاکسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی سیمینارێک لەبارەی توندوتیژی بەڕێوەچوو

لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی چالاکییەکان بۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، لە چاکسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی سیمینارێک بۆ ناسینەوەی توندوتیژی و بەرەنگاربوونەوەی بەڕێوەچوو، ئاماژە بەوەکرا، توندوتیژی لێکەوتەی دەروونی جێدەهێڵێت و ژنانیش تۆمەتبار دەکرێن.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ ٢٣ی تشرینی دووەم، بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سیمینارێک بە ناونیشانی "توندوتیژی ئەلیکترۆنی و ڕێگەچارەسەرییەکانی" لە چاکسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا باس لە ناسینەوەی جۆرەکانی توندوتیژی و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی کرا.

 

سیمینارەکە لە لایەن لاوێن کوردە، چارەسەرکاری دەروونی و لاڤە کوردە، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی لقی عێراقی یەکێتی نێودەوڵەتی ژنانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ "IAWRT" پیشکەشکرا.

 

"ژنانی توندوتیژی بەرامبەر کراو تۆمەتبار دەکرێن"

لاوێن کوردە، چارەسەرکاری دەروونی وتی: ئەو ژنانەی لە لایەن هاوژینەکانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، بە تایبەت ئەوانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی دەبنەوە، لە لایەن هاوژینەکانیانەوە تۆمەتبار دەکرێن بەوەی وەک پێویست ئەرکی هاوژینایەتی جیبەجێ ناکات و تووشی گوناهـ دەبێت، هەربۆیە ژنان بەم شێوازە ڕادەهێندرێن بە توندوتیژی و خێزانی و پێیان وایە ئەگەر شتێک بە خواستی هاوژینەکانیان ئەنجام نەدەن، ئەوا تاوانێکیان کردووە و ئاساییە توندوتیژییان بەرامبەر بکرێت، بەم ڕێگەیە ژنان بێدەنگ دەکرێن بۆ ئەوەی لە بەرامبەر توندوتیژییەکان دەنگیان نەبێت.

 

"توندوتیژی لێکەوتەی دەروونی هەیەو دەبێتە خەمۆکی توندو خۆکوشتن"

ئەوەشیخستەروو، توندوتیژی جەستەیی بێت یاخود زارەکی و هەرجۆرێکی دیکەی، لیکەوتەی دەروونی بەجیدە‌‌هێڵێت و لە زۆربەی بارودۆخەکان دەبێت خەمۆکی توند، بەم شێوەیە کەسی توندوتیژی بەرامبەر کراو ناچار بە خۆکوشتن دەکرێت، بەپێی ئامارەکان ٥٠%ی ئەو کەسانەی لە جیهاندا خۆیان دەکوژن توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، هەروەها لە هەر چوار ژنێک یەکێکیان ڕووبەرووی توندوتیژی بووەتەوە بەبێ ئەوەی زۆربەی کات کەسەکان خۆیان هەستی پێبکەن.

 

"توندوتیژی ئەلیکترۆنی باوترین جۆری توندوتیژییەو ژنان دەکرێنە ئامانج"

لاڤە کوردە، ئەندامی لقی عێراقی یەکێتی نێودەوڵەتی ژنانی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ ئاماژەی بەوەکرد، جۆرەکانی توندوتیژی ساڵانە گۆرانکاری بەسەردادێت و پێویستە هۆشیاری لەوبارەیەوە زیاد بکرێت، وتیشی: توندوتیژی تەنها جەستەیی نییە و شوێنەوار لەسەر لەش جێبهێڵێت، بەڵکو توندوتیژی جۆری زۆرە، زارەکی، ئابووری، ژینگەیی، خێزانی و توندوتیژی زانستی و ئەلیکترۆنی، لە ئێستادا توندوتیژی ئەلیکترۆنی باوترین جۆری توندوتیژییەو ژنان دەکرێنە ئامانج، لە ڕێگەی ئۆنلاین و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشە لە ژنان دەکرێت و لەبەرامبەر بڵاوکردنەوەی وێنەو زانیاری کەسییان توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ژنان گرنگە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بناسنەوە، هەروەها بە خۆناسین و خۆهۆشیارکردنەوە دەتوانن بەرەنگاری توندوتیژی و بە تایبەت توندوتیژی ئەلیکترۆنی ببنەوە، هیچ کات لە بەرامبەر کەسی توندوتیژ خۆیان بە لاوازی نیشان نەدەن، هێشتنەوەی بەڵگەکان و پەنابردنە بەر لایەنی پەیوەندیدار وەک پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاوبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕێگایەکی دیکەی خۆپاراستن و سزادانی تاوانبارانە.

 

لە سیمینارەکەدا، کە ژنانی سزادراوی ناو چاکسازی بە قسەکردن بەشدارییان پێکرا، ئاماژەیان بەوەکرد، هەموو ژنێک لە ژیانیدا رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە و هەمیشە ژنان سزا دەدرێن.