داوا دەکرێت دۆسیەی بێسەروشوێن بووەکان ڕێکبخرێتەوە

ڕێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید، ڕایگەیاند، سەدان دیاردەی بێسەروشوێنكردن بەهۆی عەقیدەی سیاسییەوە لە باشووری كوردستان و دەیان هەزار لە پارچەكانی دیكەی كوردستان لە لایەن ڕژێمە دكتاتۆرییەكانی ناوچەكەوە هەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٣٠ـی ئاب، ڕۆژی جیهانیی بێسەروشوێنکراوانە، کە ساڵانە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆکاری سیاسی، جەنگ و ململانێکان و بازرگانی بە مرۆڤەوە بێسەروشوێن دەبن، لەو بارەیەوە ڕێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و چەند داواکارییەکیان خستووەتەڕوو.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە جیهاندا ژمارەی بێسەروشوێنکراوان بە ٥٢ هەزار و ٢٥٠ کەس دیارییکراوە، لە کاتێکدا تەنها ژمارەی بێسەروشوێنکراوانی ئەنفال و بارزانی و فەیلی و ئێزدی، چەند بەرامبەر ئەو ژمارەیەیە، تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر كەمی نەبێت چارەنووسیان دیارینەكراوە، تەنانەت ئەو ڕووفاتانەی دۆزراوینەتیشەوە بەهۆی نەناسینەوەیان بە بێسەروشوێنكراو هەژمار دەكرێن، بە شێوەی گشتیی ژمارەی بێسەروشوێنكراوان لە جیهان خۆی دەدات لە زیاتر لە ٥٠ ملیۆن كەس، هەروەها لە ٣٠ وڵات زیندانی نهێنی بوونی هەیە، لە ناویاندا لە عێراق.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، بێسەروشوێنكردن پێشێلی مافی یاسایی تاك، مافی ئازادیی و ئاسایش، مافی ئەشكەنجە نەدان، مافی ژیان، مافی ناسنامە، مافی دادگاییكردنی دادپەروەرانە، مافی قەرەبووكردنەوە، مافی وتنی ڕاستییەكان، مافی ئابووریی، كۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیریی، مافی ئاستی ژیان، مافی تەندروستی و فێربوون، مافی كەرامەت و داوا لێبوردنكردنی قوربانییە.

 

هەروەها ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، وێڕای ئیدانەكردنی بوونی سەدان دیاردەی بێسەروشوێنكردن بەهۆی عەقیدەی سیاسییەوە لە باشووری كوردستان و دەیان هەزار لە پارچەكانی دیكەی كوردستان لە لایەن ڕژێمە دكتاتۆرییەكانی ناوچەكەوە، داواكارین :

 

١- پێویستە لیستی ناوی بێسەروشوێنكراوان، هۆكاری بێسەروشوێنكردن و هۆكاری مردن، شوێنی مردنیان بڵاو بكاتەوە، ئەوانەشی ماون ئازاد بكرێن.

٢- شوێنی كۆكردنەوەی بێسەروشوێنكراوان بپارێزرێت و بۆ یادەوەری بێسەروشوێنكراوان و دروستكردنی مۆنۆمێنتی یاداوەرییان.

٣- بە یاسا بێسەروشوێنكردن لە كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە قەدەغە بكرێت.

٤- داوای لێبوردن لە بنەماڵەكانیان بكرێت و پەیمانی دووبارە نەكردنەوەی تاوانی لەو جۆرە بدرێت.

٥- ڕووفاتی قوربانییەكان بگەڕێندرێتەوە بۆ كەسوكاریان.

٦- قەرەبووی ئابووریی كەسوكاریان بكرێتەوە بۆ ماوەی ڕابردوو، ژیانێكی شەرافەتمەندانەیان بۆ دابین بكرێت لە ڕووی دارایی و خوێندن و چارەسەری تەندروستی.

٧- مافی كەسوكاری بێسەروشوێنكراوانە هەموو ڕاستییەكان لەسەر بێسەروشوێنكردنی ڕۆلەكانیان بزانن، تەواوی زانیارییەكانیان لە بەرواری بێسەروشێوێنكردنەوە بۆ ئاشكرا بكرێت.

٨- بە یاسا پارێزبەندی بۆ كەسوكاری قوربانیان، پارێزەرەكانیان، ڕێكخراوەكانیان دیاریبكرێت بۆ وتنی ڕاستییەكان و داكۆكیكردن لە مافەكانیان.

٩- پێویستە زیندانەكان سجلی هاتووان و دەرچوانی هەبێت، هیچ كەسێك لە دەرەوەی زیندانە فەرمییەكان زیندانی نەكرێن و بوونی زیندانی نهێنی وەك تاوان سەیر بكرێت.