"هێرشەکانی سەر دێرەزوور ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە دەکەنە ئامانج"
لەیلا قەهرەمان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک پشتڕاستیکردەوە، کە هێرشەکان بۆ سەر شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کانتۆنی دێرەزوور ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکەنە ئامانج و ڕایگەیاند، گفتوگۆی ناوخۆ تاکە ڕێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- هێزە چەکدارەکانی بەرگری نیشتیمانی و هێزەکانی حکومەتی شام هێرشیان کردبووە سەر شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کانتۆنی دێرەزوور و لە ئەنجامدا خەڵکی مەدەنی کرانە ئامانج و ژمارەیەک گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
لەیلا قەهرەمان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک سەبارەت بەو پرسە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"هێرشەکان سیناریۆی فیتنە دووبارە دەکەنەوە"
لەیلا قەهرەمان ڕایگەیاند، ئامانج لە هێرشەکان دووبارەکردنەوەی سیناریۆی فیتنە لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەییەکانە و وتی: ئەم هێرشە دووبارەکردنەوەی سیناریۆی ساڵانی ڕابردووە کە لە ساڵی ڕابردوودا ئامانج لێی دروستکردنی فیتنە و سەرلێشێواوی بوو لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەییدا، هاوکات دەیانەوێت ئاسایش و دەستکەوتەکانی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و پێکهاتەکانی کە ١٣ ساڵە پێکەوە تێدەکۆشن، تێکبدەن.
"حکومەتی سووریا دەیەوێت سووریا بگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠١١"
لەیلا قەهرەمان سەرنجی بۆ پەیامی ڕژێمی سووریا ڕاکێشا و وتی: ڕژێمی سووریا پەیامی خۆی بەم هێرشانە دەنێرێت و ڕایدەگەیەنێت کە دەیەوێت سووریا بچێتە ناو دۆخی پێش ساڵی ٢٠١١، وەڵامی ئێمە ئەوەیە کە مەحاڵە گەلی سووریا جارێکی تر دڕندەیی و ستەم و چەوساندنەوە قبوڵ بکات، ١٣ ساڵە شەڕ و بەرخۆدان و کۆچ و داگیرکاری بەردەوامە، بۆیە ئەمە قبوڵکراو نییە و خەڵک هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ هێزەکانی قەسەدە نیشانداوە و پشتیوانی لێدەکەن، جەماوەر بە پشتیوانی خۆیان پشتڕاستی دەکەنەوە قەسەدە هێزی چارەسەر و پاراستنی کۆمەڵگەیە.
لەیلا قەهرەمان ڕایگەیاند، خەڵک ڕێگەی سەربازی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا قبوڵ ناکەن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە وەک ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک داوا لە ڕژێمی سووریا دەکەین سیاسەتی فیتنە و گەندەڵی ڕابگرێت، گەل گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی ئەو سیاسەتانەی کە ئەنجام دەدرا ئێستا ڕوونە، قبووڵی ناکەن، ئامانجمان چارەسەری سیاسییە لە سووریا، کاتی هات و چارەسەری پێویستە، بۆیە پێویستی بە یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان هەیە، بۆ ئەوەش ئەگەر کێشەکانی ئێستا بخەینە لایەک و گفتوگۆ و پاراستنی یەکڕیزی خاکی سووریا بکەین، چارەسەرەکە بەدەست گەلی سووریایە و لەسەر خاکی سووریایە.