زیاتر لە ملیۆنێک ژنی گەنج لە ئەفغانستان بێبەشن لە خوێندن

بەپێی ڕاپۆرتێکی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان 'یونیسێف'، دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کرد، زیاتر لە ملیۆنێک ژنی گەنج لەم وڵاتەدا لە خوێندن بێبەش بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی هەوڵەکانی تاڵیبان بۆ دەستبەسەرکردنی ئەفغانستان و توندکردنەوەی یاسا  سنووردارەکانی لەو وڵاتەدا بەتایبەتی دژی ژنان، یونیسێف ڕایگەیاند، کە یاساکانی تاڵیبان زیاتر لە ملیۆنێک ژنی گەنجی لە ئەفغانستان لە خوێندن بێبەش کردووە.

 

دوێنێ، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف'، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، هۆشداری دەربارەی دروستکردنی بەربەست بۆ خوێندنی ژنانی گەنج لە ئەفغانستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر سنووردارکردنی خوێندنی ژنانی گەنج لە ئەفغانستان بەردەوام بێت، ئەوا ئایندەی نەوەی وڵاتەکە کاریگەری لەسەر دەبێت.

 

دووپاتی کردەوە، پاڵپشتیکردنی خێزانەکان لەڕووی داراییەوە و پەروەردەکردنی ژنانی گەنج بەشێوەیەکی گشتی دەتوانێت ڕێگری لە کارکردنی منداڵان یان هاوسەرگیریی پێشوەختە بگرێت، هەروەها هۆشیاری لە کۆمەڵگەدا دەبێتە هۆی ئەوەی خێزان و گەنجان درک بە گرنگی خوێندن و کاریگەرییەکانی لەسەر ئایندەی منداڵان بەتایبەتی ژنانی گەنج بکەن.

 

دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢١دا دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتەوە، نەیهێشت ژنان لە دەرەوەی ماڵ و بەتایبەتی لە فەرمانگەکاندا کار بکەن و دەرگای قوتابخانەکانی بەڕووی ژنانی گەنج و منداڵاندا لە سەروو پۆلی شەشەمەوە داخست، سەرەڕای کاردانەوەکانی مافەکانی مرۆڤ چالاکوانان و ناڕەزایەتییەکانی چالاکوانانی ژنانی ئەفغانستان، تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ پەروەردەکردنی ژنانی گەنج لە ناوەوە یان دەرەوەی ئەم وڵاتە نەگیراوەتەبەر.