ناساندن بۆ پەرتوکی "هەڵەبجەییەکانیش ئەنفالکران" کرا

دوێنێ لە شاری هەڵەبجە ناساندن بۆ پەرتوکی "هەڵەبجەییەکانیش ئەنفالکران، پزیشکە میسریەکە لە نوگرەسەلمانەوە بۆ هەڵەبجە" لە نووسینی گوڵاڵەی گەرمیان کرا.

هەڵەبجە

 

ئێوارەی دوێنێ لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٣٦ەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی گەڵەبجە، بە ئامادەبوونی نووسەر گوڵاڵەی گەرمیان، ناساندن بۆ پەرتووکی "هەڵەبجەییەکانیش ئەنفال کران" کرا.

 

گوڵاڵەی گەرمیان، نووسەر، ناوی تەواوی گوڵناز عەزیز قادرە، ناسراوە بە گوڵالەی گەرمیان و خاوەن بەکالۆریۆسە لە زمانی ئینگلیزیدا، ئەندامی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان و یەکێکە لە ژنە چالاکوانەکان کە لە بواری جینۆساید  کار دەکات.

 

گوڵالە چەندین کتیبی هەیە و ژن بەشێکی گرنگی پەرتوکەکانیەتی،باسی لەوەکرد، هەڵەبجەییەکانیش ئەنفالکراون هەشتەم پەرتوکیەتی کە چاپکراوە و وتی: پەرتوکەکانم زادەی بیری من نیە و خۆیان چیرۆکەکان دەگێڕنەوە، ژن بەشێکی گرنگە لە پەرتوکەکانم و بەناوی ژنێک لە هەزاران ژن و سێ ژن لە هەزاران ژن پەرتوکی دیکەم هەیە، کارکردن لە بواری جینۆسایددا قورسە، بەڵام بەشێکی ئەوەیە کە ئەو ژنەی دەتوانێت قسە بۆ من بکات، پێناچێت لە باسکردنی بۆ پیاوێکدا ئاسوودە بێت.

 

گوڵاڵەی گەرمیان بە ئەرکی خۆی دەزانێت بنووسیت لەسەر جینۆسایدی ژنان و وتی: کاردەکەین و لە شێوازی نووسینم ڕازیم، بە ئەرک و بەرپرسیاری خۆمی دەزانم کە بنووسم، دەبوو زووتر دەستم پێبکردایە، بەڵام ئێستاش بەردەوام دەبم تا بتوانم، چونکە گرنگە ئەم چیرۆکانە بنووسرێتەوە، ئێمە شەهیدی زیندوومان زۆرە و پێویستە ڕێزیان لێ بگرین.

 

لە کۆتاییدا وتی: ئاشتی بەرقەرار نابێت، ئەگەر دادپەروەری ‌نەبێت، دادپەروەری نابێت ئەگەر یاسا نەبێت، یاسا جێبەجێ نابێت ئەگەر قوربانی مافی خۆی وەرنەگرێت، قوربانی مافی خۆی وەرناگرێت ئەگەر تاوانبار سزا نەدرێت، ئێمەش هەزار قوربانیمان هەیە و هێشتا مافیان وەرنەگرتووە و پێویستە پرسەکان یەکلا بکەینەوە و بەردەوام پەیاممان هەبێت.

 

وابڕیارە پەرتوکی "هەڵەبجەییەکانیش ئەنفاکراون" لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و گەرمیان بە ئامادەبوونی نووسەر خوێندنەوەی بۆ بکرێت.