پێنج مانگە گەمارۆ و کۆمەڵکوژی لە غەززە بەردەوامە

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، هێزەکانی ئیسرائیل ١١ کۆمەڵکوژییان لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە و ١٠٣ کەس کوژراون و ١٤٥ کەسیش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزه کانی ئیسرائیل هەزاران کەسی ئاوارەی دانیشتووی کۆمەڵگەی پزیشکی ناسریان لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە ناچار کردووە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.

 

ئاوارەکردنی زۆرەملێی ئاوارەکانی کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئیسرائیل کۆمەڵگەی پزیشکی "ناسر"یان لە شاری خان یونس کردە ئامانج و بۆردوومانی بەشی ئێسک و شکاوی کرا و کەسێک گیانی لەدەستدا و چەندانی دیکە بریندار بوون، دوێنێش هەزاران ئاوارە ناچار کران کۆمەڵگەکە بەجێبهێڵن و تەقەی ڕاستەوخۆ لەو شوێنانەی کۆمەڵگەکە کرا کە خەڵک وەک پەناگە بەکاریان دەهێنا.

 

لە کاتی گەمارۆدانی کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر، هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە لە ناوەوە و دەرەوەی کۆمەڵگەکەدا بوون و بەهۆیەوە ژمارەیەک ئاوارە و کارمەندانی پزیشکی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

 

هێزەکانی ئیسرائیل چەند هەفتەیەک لەمەوبەر گەمارۆی کۆمەڵگەی پزیشکی ناسریان سەپاند، هەروەها داوای چۆڵکردنییان لەو ئاوارانە کرد کە بەهۆی شەڕەوە ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و پەنا بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکان ببەن.

 

ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور داوایان کرد، ڕێڕەوی سەلامەت بۆ ئەو کەسانە بکرێتەوە کە لە کۆمەڵگەی "ناسر"دا گیریان خواردووە و دڵنیا ببنەوە لە سەلامەتی ستافی پزیشکی و نەخۆش و خەڵکی ئاوارە.

 

بەردەوامی بۆردوومانی شاری خان یونس

هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بۆردوومانە توندوتیژەکانیان بۆ سەر ڕۆژئاوای شاری خان یونس و چەندین ناوچەی پێداویستی و گۆڕەپانی نیشتەجێبوونیان لە سەرجەم ناوچەکان کردە ئامانج، هەروەها گەڕەکەکانی باشووری غەززە و ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەغازی لە ناوەندی کەرتەکە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کرایەسەر

 

ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل زیاد دەکات

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل ١١ کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە کە ١٠٣ کوژراو و ١٤٥ برینداری لێکەوتووەتەوە، بەمەش ژمارەی کوژراوانی شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس، بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە گەیشتە ٢٨ هەزار و ٥٧٦ کوژراو و ٦٨ هەزار و ٢١٩ بریندار.

 

بارودۆخی شاری ڕەفەح

شاری سنووری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، کە بووەتە داوا خاڵی سەلامەت بۆ خەڵکی ئاوارە و هەڵاتن لە شەڕی نێوان حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل، و زیاتر لە  ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار ئاوارەی تیادا نیشتەجێبوون، ڕووبەڕووی خراپی بارودۆخی مرۆیی لەناو چادر و پەناگەدا بوونەتەوە.

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە هێزەکانی ئیسرائیل هەڕەشەی لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر شارەکە دەکەن، ئەمەش کارەساتێکی مرۆیی دروست دەکات بە بوونی خەڵکی ئاوارە، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ڕەفەح ڕەنگە ببێتە هۆی کۆمەڵکوژی، هۆشداریدان لە دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی هێرشکردنە سەر شارەکەش دا.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دوێنێ هۆشداریدا لەوەی هەر لەشکرکێشییەک بۆ سەر شاری ڕەفەح کارەساتێکی بێ سنووری لێدەکەوێتەوە، ئەمە جگە لەوەی بارگرانی لەسەر سیستمی تەندروستی زیاد دەکات.

 

بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان

بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی ئەلسەوانە لە باشووری لوبنان، ژنێک و دوو منداڵی گیانیان لەدەستدا، هەروەها چوار کەس کوژران و ١١ی دیکەش برینداربوون لە دوو هەڵمەتی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەکانی ئەلسەوانی و ئادشیت لە باشووری وڵاتەکە.

 

ئاماری کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی لوبنان لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بۆ ٣٦ کەس بەرزبووەتەوە کە ٥یان منداڵ و سێ ڕۆژنامەنووسن.