ڕێکخراوی کۆچ: ساڵی ٢٠٢٣ کوشندەترین ساڵ بوو بۆ کۆچبەران

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ خستیەڕوو کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە نزیکەی ١٠٠ کەس لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کوژراون یان بێسەروشوێن بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٩ی کانوونی دووەم، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی ١٠٠ کەس لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یان دیارنەماون.

 

ئەو ژمارەیە نوێیەی کە ڕێکخراوەکە ئاشکرای کردووە، زیاتر لە دوو هێندە زیاتر بووە لەو ژمارەیەی کە لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا تۆمارکراوە، لە ساڵی ٢٠١٦یشەوە ٢٠٢٣ کوشندەترین ساڵ بووە بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە ڕێگای دەریایی دەگرنەبەر بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.

 

بەپێی “پڕۆژەی کۆچبەرانی ونبوو”ی ڕێکخراوەکە، ژمارەی کۆچبەرە خنکاوەکان و بێسەروشوێن بووەکان لە سەرتاسەری دەریای ناوەڕاست لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە دوو هەزار و ٤٨ کەسەوە لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ سێ هەزار و ٤١ کەس لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ بەرزبووەتەوە، لە میانی کۆنفرانسی ئیتاڵیا-ئەفریقی کە دوێنێ لە ڕۆما بەڕێوەچوو، ئیمی پۆپ، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، جەختی لەوە کردەوە کە "تەنانەت یەک مردنیش زۆرە، ئەم تۆمارە بیرخستنەوەیەکی توند و تیژە کە ڕێبازێکی هەمەلایەنە کە لەخۆدەگرێت و ڕێگای سەلامەت و ڕێکوپێک تاکە چارەسەرە، کە سوودی بۆ کۆچبەران و وڵاتان بە هەمان شێوە دەبێت.

 

ئیمی پۆپ لە کۆنفرانسەکەدا، کە زیاتر لە ٢٠ سەرۆکی دەوڵەت و حکومەت بەشدارییان تیادا کرد، لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەفریقا، ڕوونیکردەوە کە کۆنفرانسەکە "نوێنەرایەتی دەرفەتێکی چارەنووسساز دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمە یەکگرتوو و بەردەوامەکان بۆ وەستاندنی لەدەستدانی زیاتری ژیانی مرۆڤەکان لەسەر ڕێگاکانی کۆچکردن".

 

کۆنفرانسەکە لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئەو کەسانەی گریمانە دەکرێت گیانیان لەدەستدابێت یان بێسەروشوێن بووبن زیادی کردووە، چونکە چارەنووسی سێ بەلەم کە لە لیبیا و لوبنان و تونسەوە هاتوون لە ماوەی شەش هەفتەی ڕابردوودا نادیارە، کە ١٥٨ کەسیان هەڵگرتووە، هەرچەندە ڕێکخراوەکە ٧٣ کەسی تۆمارکردووە کە بێسەروشوێن بوون یان ئەگەری مردنیان لەسەرە.

 

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٧ تەرم گەیشتوونەتە کەنارەکانی شاری ئەنتالیا لە تورکیا، کە پێشبینی دەکرێت سەر بە کۆمەڵێک کۆچبەری ٨٥ کەسی بن، کە لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە لوبنانەوە بە کەشتی ڕۆیشتوون و بێسەروشوێنن.