مامۆستایانی هەڵەبجە: فشار و هەڕەشەکان نامانوەستێنن لە ناڕەزایەتییەکان

وەرزێکی خوێندن کۆتایی هاتووە و تا ئێستا لە پارێزگای هەڵەبجە و دەوروبەری خوێندن دەستی پێنەکردووە، مامۆستایان لە لە ناڕەزایەتیەکانیان بەردەوامن و ئەمڕۆش جارێکی دیکە دووپاتیان کردەوە کە بەردەوامن لە بایکۆت.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی گردبوونەوە و ڕایانگەیاند کە بەردەوام دەبن لە بایکۆت و بە هیچ شێوەیەک فشارەکان نایانوەستێنێت، مامۆستایانی ناڕازی و فەرمانبەران لە فولکەی عومەری خاوەرەوە بۆ بەردەم باخی گشتی ڕێپێوانیان کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە دوێنێ ٢٠ی کانوونی دووەم بەشێک لە نوێنەرانی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژ بانگهێشتی ئاسایشی ناوچەکان کران و کار دەکرێت بۆ وەستاندنی بایکۆت و ناڕەزایەتی مامۆستایان.

 

شەوبۆ مەهدی مامۆستایەکە و وتی: خۆپیشاندان مافی ڕەوای خۆمانە و داوای مووچە و بودجەی خۆمان دەکەین، داوای هیچ شتێکمان نەکردووە کە مافمان نەبێت، هەڕەشە و چاو سوورکردنەوە کاریگەری نابێت لەسەر بایکۆت، ئومێدمان بەوەبوو حکومەتی کوردی کارمان بۆ بکات، بەڵام تا ئێستا هیچی نەکردووە.

 

ئەسرا مەحمود، مامۆستایەکی دیکەیە و لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە دامەزراوە، وتی: مووچە بڕین و پاشەکەوت بەردەوامە، چەندین ساڵە بەمشێوەیە مووچە دەدرێت، ئێمە شۆڕشێکی سپی دەکەین و بەردەوامین، مامۆستا و فەرمانبەران بەیەکەوە پێویستە بێنە دەنگ و نەترسن لە ئامادەنەبوون لە هۆڵەکانی خوێندن، نازانین دەڵێن مووچەمان لێدەبرن، بەڵام لەسەر چ مووچەیەک لێمان دەبڕن، لەسەر پاشەکەوتکراوەکان یان ئەوەی کە قەرارە بێت و هەر نەهاتووە.

 

چالاکوانانیش بۆ پشگیریکردنی خۆپیشاندەران بەشدارن، نیشتمان هەڵەبجەیی، چالاکوانێکە و وتی: من هیچ مووچەیەکم نییە و بۆ پاڵپشتی خۆپیشاندەران و مامۆستایان هاتووم، چونکە کەرتی پەروەردە پەکی کەوتووە و پەک کەوتنی کەرتی پەروەردەش پەرتەوازەیی کۆمەڵگە دروستدەکات، ناکرێت هێشتا بۆ پاروویەک نان خەڵک بێنە سەر شەقام.

 

خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە کاتێکدایە، کە دوێنێ نوێنەرەکانیان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە بانگ کراون و داوا دەکەن کۆتایی بە بایکۆت بهێنن و بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.