تولای هاتمئۆغولاری: ڕۆژئاوا بۆردوومان دەکرێت و خەڵکی مەدەنی گیان لەدەست دەدەن

تولای هاتمئۆغولاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەدا وتی: ڕۆژئاوا بۆردوومان دەکرێت، خەڵکی مەدەنی گیان لەدەست دەدەن و وێستگەکانی کارەبا، نەخۆشخانەکان، ناوچە مەدەنییەکان بۆردوومان دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

تولای هاتمئۆغولاری، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی و یەکسانی گەلان-دەم لە کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەدا هەڵسەنگاندنی بۆ ڕۆژەڤ کرد و تیشکی خستەسەر شەڕی زاپ و وتی: با بزاندرێت کە دایکانی کورد زیاتر ئاگاداری ئازاری دایکانی ئەو سەربازانەن کە تەرمەکانیان گەڕانەوە.

 

خەڵکی مەدەنی گیان لەدەست دەدەن

تولای هاتمئۆغولاری وتی: دوای گیان لەدەستدانی سەربازەکان، جارێکی دیکە دەستیان کرد بە بۆردوومانی ڕۆژئاوا، خەڵکی مەدەنی گیان لەدەست دەدەن، وێستگەکانی کارەبا، کۆگاکان و نەخۆشخانەکان، ناوچە مەدەنییەکان بۆردوومان دەکرێن، ئێستا ڕۆژئاوا بۆردوومان دەکرێت کاتێک باسی ڕۆژئاوا دەکرێت، شکۆدارترین خەبات لە دژی داعش، گەلی کورد و گەلی عەرەب کە پێکەوە ڕێکەوتوون دێنە بیرمان، گەلانی ڕۆژئاوا بۆ ڕزگارکردنی هەموو جیهان لە مەترسی داعش شەڕیان کردووە، وەک پارتی دەم دەڵێین: ئەو ڕێگەیەی گرتووتانە ئەوە ڕێگە نییە، جارێکی دیکە، ئێمە پێشنیاری ڕێگای ئاشتی بۆ پەرلەمان، حیزبە سیاسییەکان و تەواوی کۆمەڵگە دەکەین، ڕێگای ئێمە ڕێگای ئاشتییە، ڕێگایەکە بۆ گفتوگۆکردن، ڕێگای ئێمە وەک پارتی ڕێگایەکە بۆ دروستکردنی پرۆسەی چارەسەر، هەوڵ دەدەین شەڕی ٤٠ ساڵە بە شێوەیەکی دیموکراسی و ئاشتییانە چارەسەر بکەین، ڕێگایەکە بۆ بونیادنانی ئاشتییەکی شکۆدار، بە هەنگاوی یەکلاکەرەوە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان.

 

"کێشەکە لە لایەن بەڕێز ئۆجالان چارەسەر دەکرێت"

تولای هاتمۆغولاری تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری و وتی: بەڕێز ئۆجالان هەمیشە وتوویەتی "دەرفەتم بدەنێ، دەتوانین لە ماوەی هەفتەیەکدا کۆتایی بە پرۆسەی جەنگ بهێنین و باسی ئاشتی بکەین" دەکرێت دەرفەت بۆ ئەمە بڕەخسێنرێت. بەڵام وەڵامەکەی چی بوو؟ ڕێککەوتنی دوڵماباهچە جێبەجێنەکرا، مێزی دیالۆگ داخرا، پرۆسەی جەنگ جێبەجێکرا، و وتارەکەی بەڕێز ئۆجالان بە چڕکردنەوەی گۆشەگیری لە ئیمراڵی ڕێگری لێکرا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: جەنگ چارەسەر نییە، ئازار چارەسەر نییە، با هیچ کەسێک ئازار وەک ئامرازێکی سیاسەت بەکارنەهێنێت، ئیتر بەسە، ئەم خاکە تێر خوێن بووە، لە جیاتی کۆبوونەوەی ئاسایشی بەرز، ئێمە پێکەوە کۆبوونەوەی ئاشتی بەرز ئەنجام دەدەین.