دایکانی دەستگیرکراوان داوای ئازادکردنی منداڵەکانیان دەکەن

سەرەڕای باران بارین، دایکانی دەستگیرکراوان بەشدارییان لە هەڵمەتی “دەستبەسەرکراو بە قەبارەی نیشتمانێک” لە شاری سوەیدای سووریا کرد.

ڕوشێل جونیۆر

 

سوەیدا- دوێنێ خۆپیشاندەرانی شاری سوەیدا لە سووریا بە مەبەستی داوای گۆڕانی سیاسی ڕوویان لە گۆڕەپانی "کەرامە" کرد و دروشمی "ڕوخاندنی ڕژێم" و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان بەرزکردەوە، ژنانیش سەرەڕای کەشوهەوا و باران بارین پێشەنگایەتییان کرد.

 

بەسمە عەقبانی باسی لە ماوەی دەستگیرکردنی کوڕەکانی کرد و بە "زۆر خراپ" ناوی هێنا، ئەو دەزانێت لە زینداندا چۆن مامەڵە لەگەڵ دەستگیرکراواندا دەکرێت، بۆیە ئەم ناڕەزایەتییە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئازادکردنی کوڕەکانی، هەروەها تیشکی خستەسەر ئازاری ژنە دەستگیرکراوەکانی ناو زیندانەکانی سووریا، کە ئەوانیش ترسیان هەیە لە تێڕوانینی خراپی کۆمەڵگە بۆیان دوای ئازادکردنیان، وتیشی: زۆر ژن هەن کە دوای ئازادبوونیان لە زیندان ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی کۆمەڵگە بوونەتەوە، ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر دەکات، بۆیە ئێمە داوای سووریایەکی ئازاد و دیموکراسی دەکەین.

 

تەغرید تەویل ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای باران و ساردی کەشوهەوا، ئەوان لە گۆڕەپانەکەدا ئامادەن بۆ داوای مافەکانیان کە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر دزراون، داوای ئازادی دەستگیرکراوان و گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە دەکەن کە مافی ژیانیان بەسەر خاکەوە هەیە و بە هیوای داهاتوویەکی خۆشین بۆ منداڵ و نەوەکانیان.

 

وتیشی: ڕژێم سامانی وڵاتەکەی تاڵانکرد و بە ڕووسیا و ئێرانی فرۆشت، ئێمە داگیرکەرێکمان ناوێت لەسەر خاکەکانمان و خەبات دەکەین تا سەرکەوتن بەدەستبهێنین، پەیامم ئەوەیە، بەشداری خۆپیشاندان بکەن و بەسەر ترسەکاندا زاڵ بن و بچنە ناو گۆڕەپانەکە بۆ ئەوەی لە کۆیلایەتی ڕزگارمان بێت و قسەی ڕاستی بکەین.

 

دیمە ئیسماعیل، خوێندکارە و ئاواتەخوازە لە وڵاتێکدا بخوێنێت کە ماف بە خوێندکاران بدات و حکومەت دادپەروەر بێت، چونکە لە کاتی خوێندنەکەیدا تووشی نادادپەروەری بووە، دەشڵێت: زانکۆی دیمەشق مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا گەیشتە خراپترین قۆناغەکانی.

 

ناوبراو داوای لە هەموو خوێندکاران و خوێندکارە کچەکان کرد، داوای سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بکەن، هەروەها ئاماژەی بە ترسی خۆی لە مانەوە لە زانکۆدا کرد و گوتی: زۆربەی خوێندکاران لە هەڕەشەی ڕژیم بۆ سەریان دەترسن، ئێمە لەگەڵ ڕژێمێکی ستەمکاردا دەژین، بۆیە دەبێت خەبات بۆ ئازادی و گەیشتن بە داواکارییەکانمان بکەین.