ژنانی پێکهاتە و باوەڕییە جیاوازەکان توندوتیژی زیاتریان بەرامبەر دەکرێت

ژنانی پێکهاتە نەتەوەییەکان و باوەڕییە جیاوازەکان لەو توێژەی کۆمەڵگەن کە جارێکی دیکە بەهۆی نەتەوە و باوەڕییەکەیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و هێرش دەبنەوە، چونکە لەلایەن نەتەوە و باوەڕی سەردەستەوە وەلادەنرێن و ڕەوایەتی بە هێرش و توندوتیژی سەریان دەدرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژنان هەمیشە جومگەی یەکەمی کۆمەڵگە و خێزانەکان بوون بۆ ئەوەی توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، ژنان تەنها لە ناو خێزان و بەهۆی بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە توندوتیژیان ناکرێتە سەر، بەڵکو لە بوونی هەر داگیرکارییەک، کۆمەڵکوژی و ئەنفالکردنێکدا ئەوەی سەرەتدا دەستی بۆدەبرێت ژنانن، هەمیشە داگیرکاری بە توندوتیژیکردنە سەر ژنان و کوشتنیان دەستپێدەکرێت، ئەمەش ڕێژەی توندوتیژییەکانی سەر ژنانی لە مێژووەوە تا ئێستا بە بەرزی هێشتووەتەوە، بەڵام ژنان هەمیشە لە بەرخۆداندان و هەوڵ دەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە.

 

ژنانی پێکهاتە نەتەوەیی و باوەڕییە جیاوازەکان لەو توێژەی کۆمەڵگەن کە جارێکی دیکە بەهۆی نەتەوە و باوەڕییەکەیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و هێرش دەبنەوە، چونکە لەلایەن نەتەوە و باوەڕی سەردەستەوە وەلادەنرێن و ڕەوایەتی بە هێرش و توندوتیژی سەریان دەدرێت، ئەسرا محەمەد فەیلییە و باس لە توندوتیژی دژی ژنانی پێکهاتە جیاوازەکان دەکات.

 

"لە هەر دۆخێکدا بێت توندوتیژی یەکەم بۆ ژنانە"

ئیسرا محەمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی کوردی فەیلی بۆ مافی مرۆڤ، دەربارەی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنانی کەمە نەتەوەییەکان دەکرێت، ڕوونیکردەوە، لە ڕووی ئاینەوە چونکە ئەوان سەر بە ئاینی ئیسلامن بۆیە کەمتر توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت وەک لە کەمینەیەکی دیکە کە سەر بە ئاینی ئیسلام نین، وەک چەتەکانی داعش کە زۆرترین توندوتیژیان بەرامبەر بە ئێزیدییەکان و ژنانی ئێزیدی ئەنجامدا و توندوتیژی کرایە سەریان.

 

ئەسرا محەمەد باسی لەوەکرد، جگە لە ئاین لە ڕووی کەمینەی نەتەوەییشەوە ژنان توندوتیژیان دەکرێتە سەر، وەک ژنانی کوردی فەیلی، کە دەستدرێژی و توندوتیژییەکانی سەریان بە چەند قۆناغێکی ژیان ڕوون دەکاتەوە، وتی: ساڵی هەشتاکان بوو، کوردانی فەیلی توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرا، ژنان دەستدرێژیان کرایە سەر، بەڵام بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگە داخراو بوو، پێیان عەیب بوو بڵێن ژن و کچەکانمان دەستدرێژیان کراوەتە سەر، بۆیە کپیان دەکردەوە.

 

"خێزانەکان هەمیشە هەوڵیان داوە توندوتیژی سەر کچ و ژنەکانیان کپ بکەنەوە"

ئیسرا محەمەد، ئاماژەی بەوەدا، لە کاتی ئاوارەبوونی فەیلییەکان بە دەستی ڕژێمی بەعس لە خزم و کەسی خۆی حاڵەت ڕوویداوە کە ژنەکان دەسترێژیان کراوەتە سەر، ئەمەش وایکرد ژنێکی گەنج لە تەمەنی ١٧ بۆ ١٨ ساڵیدا شێت ببێت، بەهۆی ئەو مامەڵە دڕندانەی لە بەرامبەریدا ئەنجامدرابوو، هەرچەندە دۆخەکە هێندە قورس بوو، بەڵام خێزانەکەی بابەتەکەیان کپ کردەوە تەنها لە پێناو قسەی کۆمەڵگەدا، یاخود چەندین دەستدرێژی دیکە هەبوون کە ژنەکە دووگیان بووە و توندوتیژیەکەش کپ کراوەتەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئیسرا ڕوونیکردەوە، بە ئێستاشەوە کوردە فەیلییەکان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و لە دۆخێکی ناهەمواردان، ئەمەش لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە دەگۆڕدرێت، بەهۆی ئەوەی بەردەوام کوردە فەیلییەکان ئاوارەبوون و لە یەک ناوچەدا نیشتەجێ نین، بەڵکو لە چەندین ناوچەی جیایادان، زۆرینەیان لەناو جەرگەی شاری بەغدادان، وتی: کۆمەڵگەیەکی وەک بەغداد لە ڕووی توندوتیژییەکانی بەرامبەر ژنان لە ئاستێکی خراپدایە بە بەراورد بە کۆمەڵگەیەکی وەک شاری سلێمانی، چونکە زیاتر بەرەو ئاینی توندڕەوتر ڕۆیشتووە.

 

"داگیرکەر یەکەم شت ئەوەی دەستی بۆ دەبات ژنە"

ئیسرا محەمەد وەک کوردێکی فەیلی باسی لەوەشکرد، کاتێک داگیرکاری و توندوتیژی بەرامبەر بە هەر نەتەوە و ئاینێک دەکرێت ڕاستەوخۆ دەست بۆ ژنەکانیان دەبرێت، چونکە زهنیەتی داگیرکاری بەو شێوەیەیە سەرەتا دەست بۆ ژن ببات، چونکە پێی وایە لە داگیرکردنی ژن دەتوانێت ئەوەی دەیەوێت داگیری بکات، دەشڵێت: ئەقڵیەتی داگیرکاری هەمیشە ژن وەک بێ دەسەڵات دەبینێت، بۆیە سەرەتا هێرش دەکاتە سەر ژنەکان و دەستدرێژیان دەکاتە سەر و بە دیل دەیانگرێت، لەلایەکی دیکەوە ژن وەک شەرەفی پیاو تەماشا دەکەن، بۆیە هەوڵ دەدەن دەستدرێژی بکەنە سەر بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر کۆمەڵگە و پیاوەکانی.

 

ئیسرا محەمەد، ئاماژەی بەوەدا، هیچ کاتێک وەک کەمە نەتەوەیەک سودمەند نەبوون لە ڕاگەیاندن، چونکە لەو سەردەمەدا ڕاگەیاندن لە باشوور و بەهۆی هێزی بەعسەوە نەیدەتوانی سەربەخۆیانە کار بکات، بەڵکو ڕژێمی ئێران زیاتر ئەرشیفی گرتە ڤیدیۆکانی کردووە، زانیاری زیاتر لە دەستی ئەواندایە، ئەمەش وایکردووە ئەو توندوتیژیانەی دەکرایە سەر ژنان ون ببێت و دەرنەکەوێت.

 

"پێویستە لە منداڵانەوە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بدرێت"

دەربارەی توندوتیژییەکانی ئێستا لە کۆمەڵگەی باشوور ئیسرا محەمەد ڕوونیکردەوە، ئەوان وەک کوردی فەیلی جیانەکراونەتەوە، بەهەمان شێوەی ژنانی ناو کۆمەڵگە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، هەرچەندە لە هەندێک حاڵەتدا کێشەیی ڕەگەزنامە و مامەڵەی خەڵک بەهۆی زمانیانەوە زیاتر ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام دواجار وەک هەر ژنێکی دیکەی کورد توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، دەشڵێت: حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژییەکان زیاد بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەواڵەکان و ئامارەکانی تایبەت بە کوشتن و توندوتیژییەکان بڵاوناکرێنەوە بۆیە وا هەست دەکەین حاڵەتەکان کەمتر بن، هەوڵەکان بۆ چارەسەری هەن، بەڵام نەک چارەسەری کێشەکەی نەکردووە، بەڵکو خراپتری کردووە.

 

لە کۆتایدا وەک ڕێگە چارەسەرییەک ئیسرا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی پێویستە بکرێت بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژییەکانی سەر ژنان بەردەوامبوونی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ژنانە دەربارەی پرسەکانی ژنان، لە ئێستادا حاڵەتەکانی توندوتیژی زۆرن، بۆیە پێویستە چالاکییەکان تەنها لە چوارچێوەیەکی سنورداردا نەبێت، بەڵکو بگاتە ژنانی ناوچە دوورە دەستەکانیش، هۆشیاری دەربارەی پرسەکانی ژنان پێویستە بدرێت بە منداڵەکانیش، چونکە منداڵانن دەبنە نەوەی داهاتوو و کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن.