خولی پێنجەمی ناڕەزایەتی تەمنا زەریاب پەریانی و ژمارەیەک لە چالاکانی مافی ژنان

تامنا زەریاب پەریانی و ژمارەیەک لە چالاکانی مافی ژنان پێنجەمین خولی ناڕەزایەتی خۆیان لە شاری بۆچۆمی ئەڵمانیا دەستپێکرد بۆ داننان بە ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئەفغانستان.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ تەمنا زەریاب پەریانی، چالاکوانی مافی ژنانی ئەفغانی دانیشتووی ئەڵمانیا و زیندانی پێشووی تاڵیبان، کە لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانانی دیکەی مافی ژنان، کاروانێکی ناڕەزایەتی شار بە شاریان دژی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئەفغانستان دەستپێکرد، لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند، کە پێنجەمین خولی ناڕەزایەتییەکانیان دەستپێکرد.

 

تەمنا زەریاب پەریانی ئاماژەی بەوەدا، تا ئەوکاتەی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئەفغانستان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانەنرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش واز لە پشتیوانیکردنی تاقمی تاڵیبان نەهێنێت، ئەو دەست لە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین ناهێنێت و درێژە بە خەباتەکانی دەدات.

 

ئەم چالاکوانەی مافی ژنان ئاماژەی بەوەدا کە یاسا دژە ژنەکان و چەوساندنەوەی ژنان لەلایەن گروپی بناژۆخوازی تاڵیبانەوە لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژدا زیاد دەکات و وتیشی: بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە تاوانەکانی گروپی تیرۆریستی تاڵیبان شەرمەزارکەرە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا تەمنا زەریاب پەریانی و لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانانی دیکەی مافی ژنان لە ئەڵمانیا ئێشکیان گرت و لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵیشدا لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند، کە کۆتایی بە دانیشتنی ٣٠ ڕۆژەی خۆی هێناوە.

 

پێشتر تەمنا زەریاب پەریانی لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکوانانی مەدەنی و مافەکانی ژنان لە ئەفغانستانەوە بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژە مانگرتنیان لە خواردن لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە مەبەستی ناساندنی ئاپارتایدی ڕەگەزی لەو وڵاتە بەڕێوەبرد، هەرچەندە لە ماوەی ئەو مانگرتنە دوانزە ڕۆژەدا سێ جار گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە؛ بەڵام مانگرتنەکەی بەردەوام بوو.