کۆنگرەی ستار لە دژی هێرشە داگیرکارییەکان چالاکی ئەنجامدا

کۆنگرەی ستاری عەفرین-شەهبا خۆپیشاندانێکی بۆ شەرمەزارکردنی هیرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا لە کانتۆنی شەهبا ڕێکخست.

شەهبا

 

کۆنگرەی ستاری هەرێمی عەفرین- شەهبا دژی هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەئامانجکردنی ژێرخانی هەرێمەکە، لە کامپی بەرخۆدان لە ناوچەی فەفینای کانتۆنی شەهبا خۆپیشاندانێکی ئەنجامدا، هەموو ئەندامانی ژن لە دەزگاو دامەزراوەکانی هەرێم و ژنانی کامپی بەرخۆدان بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد و وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەو کەسانەی لە هێرشە داگیرکارییەکاندا گیانیان لەدەستدا و ئاڵای کۆنگرەی ستاریان بەرز کردەوە.

 

چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستیپێکرد و دواتر بە ناوی کۆنگرەی ستار و ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان و پارتی یەکێتی دیموکراتیکی پەیەدە و یەکێتی ژنانی گەنجی هەرێمی عەفرین-شەهبا وتار پێشکەش کرا، تیشک خرایەسەر ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەکە و وترا: بەهۆی شکستی لە چیاکانی ئازاد و لاوازی هێزە سەربازی و ئابوورییەکانی، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا جارێکی دیکە بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جووڵەی کردووە کە سیستمی خۆبەڕێوەبەری بۆ یەکسانیی گەلان دامەزراوە لەبەرئەوە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە چڕتر کردووەتەوە، دەیەوێت لە ڕێگەی هێرشەوە ژێرخانی ناوچەکە بکاتە ئامانج و ئیرادەی شۆڕشی ڕۆژئاوا تێکبشکێنێت، دەیەوێت سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک لەناوببات، بەرخۆدانی گەل لە سەرانسەری ڕۆژئاوادا بە شێوەیەکی بەرچاو وەڵامی هێرشە داگیرکارییەکانی داوەتەوە، هەرگیز ئەو بەرخۆدانە لاواز ناکات کە بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بەدیهاتووە.

 

"کوردین و بە کوردایەتی خۆمان دەژین"

سوعاد حەسەن، یەکێک لەو ژنانەی کە بەشداری لە چالاکییەکەداس کرد، وتی: بەردەوام دەبین لە هێڵی بەرخۆدان دژی هێرشە داگیرکەرەکان، ئەمڕۆ چالاکییەکانمان دژی هێرشە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدەین، دژی هەموو جۆرە هێرش و سیاسەتە داگیرکەرەکان دەبین، بەرخۆدانمان هەتا کۆتایی بەردەوام دەبێت و بە دوای بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا دەڕۆین، کوردین و بە کوردی دەژین، گرنگ نییە هێرشەکانیان چەند سەخت بێت، خۆبەدەستەوەدان قبوڵ ناکەین.

 

"بە بەرخۆدانی خۆمان سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین"

مەروش ڕەشید ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەریان و دەیەوێت خەڵکی ڕۆژئاوا کۆمەڵکوژ بکات، بەڵام ئامانجەکانی بەدی ناهێنێت و وتی: لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی خۆی ئەنجام دەدات، لە شەهباوە بۆ قامیشلۆ، ڕۆژانە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج. بۆ لاوازکردنی بەرخۆدانمان، ژێرخانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج، هەروەک چۆن بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ لە عەفرین بەرخۆدانمان کرد، ئێستا لەدژی هێرشە داگیرکارییەکان بەرخۆدان دەکەین و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین.