"بینین و ناسینی ڕێبەر ئاپۆ ژیانێکی نوێی بۆ من ئافراند"

لە ڕۆژئاوای کوردستان سەدان خێزان هەن کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بینیوە، بە تایبەتی ئەو خێزانانەی کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان سەردانی ماڵەکەیانی کردبوو، ئەو شتانەی لێوەی فیربوون فێری منداڵەکان و خیزانەکانیان دەکەن.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- ئافرێنەری فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩ لە گوندی ئامارا لە خەلفەتی ڕەحە لەدایکبووە، ئەو لە قوتابخانەی سەرەتایی لە گوندی جبینێ و قوتابخانەی ئامادەیی لە نزیبا دیلۆک خوێندووە، لە ساڵی ١٩٦٨ بەشی زانستە سیاسیەکانی لە ئەنقەرە خوێندووە، ناکۆکی لەسەر بابەتی کورد له منداڵیدا بینیووە، ئەو لە ماڵەوە بە زمانی دایکی قسەی کردووە، بەڵام لە قوتابخانە زمانێکی تر فێر بووە، ئەم خاڵە چەندین ناکۆکی و لێکۆڵینەوەی لە هزری ئۆجالاندا دروست کردووە، لە وتەکانیدا دەربارەی ئەم ناکۆکییە وتویەتی "ئەم ناکۆکییە برینێکی گەورەی لە ڕوخساری منداڵیم دا، هەتا دێت ئەم برینە قوڵتر دەبێت".

 

ڕۆژ بە ڕۆژ ناکۆکییەکانی ڕێبەر ئۆجالان لە زیادبووندابووە و ئاستی تێگەیشتنەکەی قووڵتر بووە، بۆیە بڕیاری دەستپێکردنی خەباتی بۆ پرسی کورد داوە، لە ماوەی پڕۆسەی خوێندنی زانکۆدا، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ لە ساڵی ١٩٧٨، پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"یان بە ئامانجی ئازادکردنی گەلی کورد دامەزراند، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای ئازادی لەسەر بنەمای ئازادی ژنان دامەزراندووە، بۆ یەکەم جار لە ٢ی تەممووزی ١٩٧٩ چووەتە کۆبانێ و لەگەڵ چەندین خێزان بە تایبەتی لە گوندی ئەلپەلوری لە ڕۆژئاوای کۆبانێ ژیاوە، لە ئێستادا دانیشتوانی ناوچەکە ماڵەکەیان وەک مۆزەخانە بەجێهێشتووە و ناویان لێناوە "ماڵی ڕێبەر ئاپۆ".

 

یەکێک لە بنەماڵە دێرینەکانی کۆبانێ کە ڕۆڵی هەبووە لە دەربازبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە کۆبانێ، بنەماڵەی عەلوشە، زۆربەی ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە عەبدوڵا ئۆجالانیان بینیوەو ڕاستەوخۆ گوێیان لە بیرۆکەکانی بۆ ئازادی و بیرۆکەکانی دەربارەی "ژن، ژیان، ئازادی" گرتووە.

 

حەمیدە عەلوشی تەمەن ٥٥ ساڵ، لە تەمەنی ٩ ساڵیدا ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی بینیووە، باوک و ئامۆزاکانی ڕێبەر ئۆجالان و کۆمەڵێک لە هاوڕێکانیان دەربازی کۆبانێ کردووەو و ماوەیەکی زۆر پێکەوە بوون، حەمید عەلوش سەردانی حەلەب دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی تر .

 

هەموو وردەکارییەکانی بینینەکە هێشتا لە بیرکردنەوەکانیاندا زیندوون

کاتێک سەیری حەمیدە دەکەیت و دەربارەی ئەم بابەتە قسەی لەگەڵ دەکەیت، پەیوەندیی لەگەڵ ئایدۆلۆژیای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبینیت، حەمیدە عەلوش کەسایەتییەکی بەهێز و چالاکی هەیە، پێش ئەوەی باسی کۆبوونەوەکەی بکات، چاوەکانی دەدرەوشانەوە و فرمێسکیان لێ دەڕژا، هەروەها دەستەکانی دەلەرزین،  تەنانەت دەتوانین بڵێین کە لێدانی دڵیشی خێراتر بوو، بە هەستێکی وا باسی کۆبوونەوەکەی کرد جارێک بە پەرۆش و جارێک دڵتەنگ بوو.

 

"بە ناسینی ڕێبەر گەل هۆشیار بوو"

حەمیدە عەلوش لە قسەکانیدا باسی لە بارودۆخی خەڵکی کۆبانێ لە پێش و پاش ئەوەی ئایدۆلۆژیای عەبدوڵا ئۆجالانیان ناسی کردو وتی: پێش ئەوەی خەڵکی کۆبانێ ڕێبەر ئاپۆ بناسن، ژیانیان لە مەترسیدا بوو، ڕژێمی سوریا خەڵکی کوردی دەترساند و فشارێکی زۆری دەخستە سەرمان، جار جار لە ماڵەکانمان دەگەڕان و هەتا ئەو کاتەی بیرم دێتەوە، سمێڵی پیاوانیان بڕی بۆ ئەوەی کەس ڕانەپەڕێت، هەر لەبەر ئەوەشە کە کوردەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە یەک لە دوای یەک بوون، هەروەها کوردەکانی ئێمە کە لە شارە گەورەکانی سوریا دەژیان بە عەرەبی قسەیان دەکرد، لەگەڵ ناسینی ڕێبەر ئاپۆ، ئەم دۆخە بە شێوەیەکی بنچینەیی گۆڕاوە، ئێمە بۆمان دەرکەوت کە دوژمن لەسەر خاکەکەمان لەناومان دەبات، ئێمە خاوەنی ئەم جوگرافیاین، بەڵام دوژمن ئێمە بە کۆچبەر پێناسە دەکات، لەگەڵ ئەم هۆشیارییەدا، ئێمە ئێستا دەستمان کردووە بە خەبات بۆ پاراستنی بوون و ناسنامە و مافەکانمان.

 

"ڕێبەر ئاپۆ باسی ئازادیی ژنانی کردووە"

حەمیدە عەلوش وتی: ئەم دۆخە بۆ ژنانیش ناهەموار بوو، کاتێک ڕژێمی بەعس کۆنتڕۆڵی پیاوانی دەکرد، پیاوان فشاریان دەخستە سەر ژنان، ژنان لە تاریکییەکی بێ کۆتاییدا بوون، مافی ئەوەیان نەبوو بیر بکەنەوە، بۆچوونیان هەبێت، یان بڕیار بدەن، هەروەک چۆن دەوڵەتی کوردی ڕەتکرایەوە، بوون و مافەکانی ژنان ڕەتکرایەوە، لەو کاتەدا، لە جیاتی بەکارهێنانی وشەی ژنان، ئەوان دەڵێن "ئیکسیک" لە بیرمە ڕێبەر ئاپۆ پێی وتین "من سەرنج دەدەمە بارودۆخی ژنان، دەبینم خنکاون و لە تاریکیدان، بۆیە دەمەوێت ژنان ئازاد بکەم و لەو دۆخە دەربازیان بکەم، کاتێک ژنان ئازاد دەکرێن، کوردستانیش ئازاد دەکرێت" ئەم قسەیەی ڕێبەر ئاپۆ، کە ٤٠ -٥٠  ساڵ لەمەوبەر وتی، ئەمڕۆ بەرهەم هاتووە، ئەمڕۆ ژنان شۆڕشێک ڕێکدەخەن و دژی هەموو شێوازەکانی هێرش دەجەنگن.

 

"بۆ ئێمە بووە هیوای ژیان"

حەمیدە عەلوش وردەکارییەکانی سەبارەت بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکردەوە کە تا ئێستا لەبیر نەکراوە و وتی: دوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ خەڵکدا ئەنجامدا، ئێمە وەک خێزانێک بە تەنها ماینەوەو لەگەڵ ڕێبەر کۆبوونەوەمان کرد، ئەو هەمیشە قسەی دەکرد و ئێمە بە وردی گوێمان لێ دەگرت، باسی منداڵی و دایکی دەکرد، هەروەها گاڵتەو گەپی دەکرد و لەگەڵ منداڵەکانمان سەرقاڵ بوو، دوای هەر بینینێک، مەراقمان دەکرد کە ئایا دووبارە یەکتر دەبینینەوە، ئێمە زۆر جار باسی ئەم کێشەیەمان دەکرد، سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان لە کۆشکەکانی خۆیاندا بوون، دەبوو لە ١٠ شوێن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ بینینی وەزیرێک، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ کەسێکی زۆر جیاواز بوو، لەگەڵ منداڵان منداڵ و لەگەڵ گەورەکان گەورە بوو، ڕێبەر ئاپۆ هیوای ژیان بوو بۆ ئێمە.

 

"پارچەیەک لە جەرگی خۆم پێشکەشی ڕێبەر ئاپۆ کرد"

کچە بچووکەکەی حەمیدە عەلوش چووە ڕیزی تێکۆشانی ئازادی کوردستان، حەمیدە لە بارەی ئەمەوە وتی: ٦ کچ و دوو کوڕم هەیە، منداڵە گەورەکانم بەشدارییان لە ڕیزەکانی ئازادیدا نەکرد، کچە بچووکەکەم چووە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئازادی، دەمزانی کە ڕۆژێک ئەو بەشداری دەکات، ئەو لە تەمەنێکی بچووکەوە ئەم بزووتنەوەیەی خۆشدەویست، کاتێک تەمەنی ٥ ساڵان بوو، جلوبەرگی جەژنم بۆ خوشک و براکانی کڕی و بۆ ئەویش بە تایبەتی جلی شەڕڤانانم بۆ دەدوری، دوای ئەوەی گەورە بوو، لە ماڵەوە نەمبینی، هەمیشە لە چالاکییەکاندا بوو، لەم دواییانەدا پێی وتم کە دەیەوێت بچێتە ناو بزووتنەوەی ڕێبەر ئاپۆوە، پێم وت کە تۆ ئازادیت، کچەکەم، بەڵام پێمان بڵێ کاتێک دەتەوێت بڕۆیت، لەسەر ئەو بنەمایە، من و باوکی کارەکانی ئەومان وەک دیاری پیشکەش بە ڕێبەر ئاپۆ کردووەو چەندین ساڵە لەگەڵ هاوڕێکانیدا بۆ ئازادی کوردستان تێدەکۆشێت، هەموو خێزانێکی نیشتمانپەروەر منداڵێک و دوو منداڵیان بەخشیووە.

 

"ڕۆح و مێشکم زیندوو کراونەتەوە"

لە کۆتایی قسەکانیدا، حەمیدە عەلوش بەرهەمەکانی ئەو خەباتەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی ڕوونکردەوەو وتی: بە شێوەیەکی کەسی دەتوانم بڵێم کە ڕێبەر ئاپۆ ڕۆح و مێشکی منی زیندوو کردەوە، بۆچوون و بیرکردنەوەکانم بە پڕۆسەیەکی نوێدا تێپەڕین، لە سەرەتادا، ئەو بەربەستانەم شکاند کە لەلایەن پیاوانی دواکەوتووەکەوە دانرابوون و بەم شێوەیە خێزانێکی تێگەیشتووم دروستکرد، کاتێک ڕێبەر ئاپۆمان ناسی و داواکارییەکانیمان بۆ ئازادی کوردستان بینی، باوەڕمان وابوو کە دەگەینە ئەم ڕۆژانە، توانیمان بەشێک لە خاکی کوردستان ئازاد بکەین و هێزی بەرگریمان بونیات بنێین و بە زمان و کولتووری ڕەسەنی خۆمان بژین، باوەڕێکی بێ کۆتایی بە ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ هەبوو، بۆیە ئەم باوەڕە ئەمڕۆ لەگەڵ شۆڕشی ژنان بەهێزتر و بەهێزتر دەبێت.