سزای سێدارە؛ تورکیا دۆسیەی نوێ بۆ تۆماری تاوانەکانی زیاد دەکات

تورکیا بەدوای شێوازێکی نوێی سەرکوتکردنی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا دەکەوێت و دەرکردنی سزای هەڕەمەکی بەم دواییانە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەقە- ژنانی شاری ڕەقە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایان لە ناوچە داگیرکراوەکان ڕەتکردەوە کە گەیشتە ئەو ئاستەی سزای لە سێدارەدان و زیندانیکردنی بۆ ژمارەیەک لە ژنان دەرکرد و داوای زیادکردنی خێرایی خەباتیان کرد بۆ کۆتایی هێنان بەو پێشێلکارییانە و بەرپرسیارکردنی داگیرکەران.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا کە لەلایەن ناوەندی بەڵگەنامەی پێشێلکارییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە شاری عەفرینی داگیرکراو لە ساڵی ٢٠١٨ەوە، ٩ ژن لە پێکهاتەی کورد و یەک ژن لە پێکهاتەی عەرەب لە زیندانی ناوەندی عەفرین دەستگیرکراون، بەم دواییانە دووانیان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و ئەوانی دیکە سزای زیندانیکردنیان بۆ چەند ساڵێک لە نێوان ٧ بۆ ١٥ ساڵ بەسەردا سەپێندرا.

 

نیرۆز عەبدولڕەحمان، ئەندامی لیژنەی ڕێکخستنی ئەنجومەنی ژنانی سووریا وتی: لەکاتی داگیرکردنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەوڵەتی تورکیا قێزەونترین تاوانی دژ بە ژنان ئەنجام داوە، وەک کوشتن، دەستدرێژی، ئەشکەنجە، ڕفاندن، ئەم تاوانانە ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبن بەهۆی نەبوونی هیچ ڕێگرییەک و ڕەتکردنەوەیەک لە سیاسەتەکانیان جگە لەو خەڵکانەی کە ئارەزووی ئازادی و دیموکراسی دەکەن، تورکیا هەموو هێڵە سوورەکانی لە مافەکانی ژناندا تێپەڕاندووە، بەم دواییانە ژمارەیەک سزای هەڕەمەکی لە دژی ژنانی عەفرینی داگیرکراو بەبێ دادگاییکردنی یاسایی دەرکرد.

 

"دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئیرادەی ژنان لاواز بکات"

ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا هەوڵدەدات لە ڕێگەی دەرکردنی ئەم بڕیارانەوە ئیرادەی ئازادی ژنان لاواز بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژنان توانیان ڕۆڵی پێشەنگی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا بگێڕن و پێشکەوتنێکی گەورەیان لە پێگەی بڕیاردان لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەستهێنا، هەروەها باشترین بەڵگەی ئەو بازدانە مێژووییەیە کە لە ڕێگەی بەشداریکردنی لە ڕێژەی یەکسانی لەگەڵ پیاوان لە داڕشتنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتیدا بەدەستیهێناوە.

 

سەبارەت بە هەوڵەکانی دامەزراوەکانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ژنان وتی: لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژنان، لە ئێستادا کاردەکەین بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دۆکیومێنتکردنی ئەو تاوانانەی دژی ژنان ئەنجامدراون.

 

"هەولەکانی ڕوونن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە"

دوعا حەسەن، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژنان، ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵەکانی تورکیا ڕوون بوونەتەوە، چونکە بەئامانجکردنی ژێرخانەکەی هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ئاژاوە و بڵاوکردنەوەی ترس لە دڵی گەلداو ناچارکردن بۆ جێهێشتنی خاک بۆ ئەوەی ئاسانتر پلانەکانی جێبەجێ بکات بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە.

سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی دژی ژنان ئەنجامدراون، وتی: لەکاتی داگیرکردنی شاری عەفرینەوە، دەوڵەتی تورکیا قێزەونترین پێشێلکاری و تاوانی دژ بە گەل ئەنجام داوە، بەتایبەتی ژنان، وەک ڕفاندن و دەستدرێژی، تا گەیشتە سزای زیندانیکردن و لە سێدارەدان، ئەم سزایانە هیچ پەیوەندییەکیان بە واقیعەوە نییە و پێچەوانەی یاسا مرۆیی و نێودەوڵەتییەکانن و بڕگەکانیان لە لیستی تاوانەکانی جەنگدا پۆلێن کراوە، تورکیا بەو بڕگانە بە مەبەست یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە بەرپرسیار بکرێت لە هەموو تاوانەکانی.

 

"ژنان پەروەردە دەکرێن دژی توندوتیژی"

وتیشی: دامەزراوەکانی ژنان لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردەکەن بۆ پەروەردەکردنی ژنان دەربارەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و تاوانەکانی دژ بە ژنان، هەروەها بەردەوامن لە داوا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ فشارخستنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی ناوچە داگیرکراوەکان بەجێبهێڵێت و ڕێگری لەو پێشێلکارییانە بکات کە دژی ژنان ئەنجام دەدرێن، ئەم پێشێلکارییانە لەبەردەم چاوی هەموو جیهاندا ڕوودەدات.