بەهۆی زیان گەیاندن بە ژینگە و ئاژەڵان دوو تۆمەتبار دەستگیر کران

پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی هاوڵاتییەکیان دەستگیر کرد کە زیاتر لە ١٠٠ داری بەڕووی بڕیوەتەوە، لە دەربەندیخانیش کەسێک دەستگیر کرا بە تۆمەتی زیندانیکردنی ئاژەڵی کێوی.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لەبارەى دەستگیرکردنى هاوڵاتییەک، کە زیاتر لە ١٠٠ دارى سروشتى بڕیوەتەوە، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "لە ئەنجامی دەرچوونی تیمەکانمان بۆ سنووری دۆڵی دووکانیان لە سنوورەکەمان توانرا هاوڵاتییەک بە تۆمەتی بڕینەوەی داری سروشتی تەمەن جیاواز، لە جۆری بەڕوو دەستگیر بکەن، کە زیاد لە ١٠٠ دارى بڕیبووەوە".

 

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە و ڕادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکە، ڕاشیانگەیاند، "بە ئامانجی پاراستنی سروشت و ژینگەی سنوورەکە، کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی تانجەرۆ لە گەڕان و پشکنینی بەردەوامدان و ڕێگری لە سەرپێچیکاران دەکەن".

 

لەلایەکی دیکەوە، تۆمەتبارێک لە شارۆچکەی دەربەندیخان لەلایەن بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان دەستگیر کرا، کە ئاژەڵێکی کێوی لە جۆری سیخوڕ لە ماڵەکەیدا زیندان کردووە و هەروەها کە لە سەری بزنە کێویەكیش لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە.