کەنەکە: هێرش و تیرۆری دەوڵەتی تورکیا ڕابگرن
کەنەکە لە ساڵیادی تیرۆرکردنی دەنیز هێڤی "جەودەت بولبون"دا داوای هەڵوێست دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی دەکات.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی جێبەجێکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لە ساڵیادی تیرۆرکردنی دەنیز جەودەت بولبون (دەنیز ھێڤی)، ئەندامی کەنەکە لە ١٨ی ئەیوولی ٢٠٢٣ لە نووسینگەی کەنەکە لە هەولێر لەلایەن میتی تورکەوە، ڕاگەیاندڕاوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندڕاوەکەدا هاتووە، "هەرچەندە لایەنە ئەمنییەکان لەسەرەتادا ڕایانگەیاند کە بکوژەکە دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر ڕاگەیەندرا کە هەڵاتووە و لە هەرێمی کوردستان نییە، دوای نزیکەی ساڵێک و دوای چەند دانیشتنێک، دواجار دادگای تاوانەکانی هەولێر ٢ کەسی بە تۆمەتی تیرۆرکردن و سیخوڕیکردن بۆ دەوڵەتێکی دیکە بە یاسای دژە تیرۆر، سزای ٢٧ ساڵ زیندانی هەتاهەتایی بەسەر دوو تۆمەتباردا سەپێندرا.
هەرچەندە ئەمە سەرەتایەکی باشە، بەڵام تا بکوژی سەرەکی دەگیرێت و سزا دەدرێت و دەستی دەزگا سیخوڕییەکانی وڵاتانی دراوسێی ناوچەکە کۆتایی پێبێت، ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بە جددی کار لەسەر ئەو کەیسانە دەکەین، هەروەها ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکانە کە ئاسایشی چالاکوانان و ئازادیخوازانی کوردستان بپارێزن، بکوژ و سیخوڕ بدۆزنەوە و بیانگەیەننە دادگا".
لە ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکە ئاماژە بەوەشکراوە، "لەکاتێکدا یادی ساڵیادی تیرۆرکردنی دەنیز، خزمەتکاری وڵات و زمان و کولتووری کورد دەکەینەوە، کوردستان لەژێر داگیرکاری و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندایە و تیرۆر بۆتە دیاردە و خەڵکی مەدەنی و ژن و منداڵ و ڕۆژنامەنووس ڕۆژانە دەکرێتە ئامانج. هیچ کەسێکی ئازادیخواز و دژە داگیرکاری دڵنیا نییە لە ژیانی".
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە داوا لە دامودەزگا فەرمییەکانی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەکات، ئەرکە دەستووری و یاساییەکانیان بەرامبەر خاک و گەل جێبەجێ بکەن و هاوکار نەبن لە پیلانەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر و دژی داگیرکاری بوەستنەوە.
دەشڵێت: جارێکی تر رۆحی شەهید دەنیزی تینووی ئازادی و خزمەتکاری کولتوور و زمانی کوردی شاد بێت و وەک هەمیشە بۆ کاروانەکەتان بە وەفا دەبین و تا سزادانی بکوژ و داڵدەدەرانیان لە خەبات بەردەوام دەبین و کەیسەکەش هەر بە زیندوویی دەهێڵینەوە.