کچێک لەلایەن باوکییەوە کوژرا

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە، کە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر کچەکەی و پاش ئەوەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژن کوشتن و گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان بووەتە هەواڵی ڕۆژانەو ژنان و منداڵانی کچ بەدەستی باوک و براکانیان دەکوژرێن.

 

ئەمڕۆ ٢٠ی ئایار، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، پاش ئەوەی ئاگادار کراونەوتەوە لە ڕووداوی کوشتنی کچێک، لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و بۆیان دەرکەوتووە، باوکەکە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەری و بە سەختی برینداری کردووە، هەر بەو هۆکارەش لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و گەڕان بەدوای تۆمەتباری هەڵاتوودا، تواندرا لەماوەی كەمتر لە دوو کاتژمێردا لەلایەن تیمەکانى بنكەی پۆلیسی پێنجوێن بە هاوكاری ئاسایشی سنوورەكە تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیر بكرێت.

 

پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە، لەئێستادا تۆمەتبار "ع، ع، م" لەدایكبووی ساڵی ١٩٧١ بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی ٤٠٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

 

دەربارەی ناو و تەمەنی کوژراوەکە پۆلیس هیچ زانیارییەکی نەخستووەتەڕوو.

 

ئەمە دووەم ڕووداوی کوشتنی ژنانە لە مانگی ئایاردا، لە ١٢ ئایار ژنێکی گەنج لە زاخۆ لەلایەن براکەیەوە بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا، بەمەش لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٢٤ حاڵەتی کوشتن یاخود گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم تۆمار کراوە.