ژنانی قامیشلۆ ڕێپێوانیان ئەنجام دا
بە بەشداری سەدان ژن و ئەندامانی ڕێکخراوەکان، دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانێکی جەماوەریی ئەنجام درا.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2024/05/20240507-20240507-20240507-1-jpg501e11-image-jpg3d3b73-image-750x430-jpg143c74-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، لە دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێپێوانێکی جەماوەریی ئەنجامدا و تا چوارڕیانی ئەلفەلاحین بەردەوام بوو.
سەدان ژن و ئەندامانی ڕێکخراوەکە بەشداری ڕێپێوانەکە بوون
لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" بەرز کرایەوە.
شیراز حەمۆ، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار بەیاننامەیەکی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ژنان سڵاو لە بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و وتی: "شەڕەکەی ئیمراڵی، شەڕی شکۆ و هەبوونی ئێمەیە، بۆیە دەبێت دژی گۆشەگیری تێکۆشان مەزنتر بکەین".
شیراز تیشکی خستە سەر تێکۆشانی ژنان دژی گۆشەگیری و ڕایگەیاند، پیلانگێڕیی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە پێشەنگایەتی ژنان پووچەڵ دەکرێتەوە، هەروەها دووپاتی کردەوە فیکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کلیلی چارەسەری قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە.
چالاکییەکە بە درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" و "ژن، ژیان، ئازادیی" کۆتایی هات.