‎ یەكێتی ژنانی كوردستان پانێڵێكی زانستیان لە زانکۆی هەڵەبجە ڕێکخست

بە ناشتنی ١٢٠ دار سنەوبەر و باسکردنی چەند پرسێکی تایبەت بە ژنان لە پانێڵێکدا، ڕۆژی جیهانی ژنان بەرز ڕاگیرا

هەڵەبجە

 

ئەمڕۆ، لە هۆڵی كتێبخانەی زانكۆی هەڵەبجە، سەرۆكایەتی زانكۆی هەڵەبجە بە هاوبەشی لقی شارەزووری یەكێتی ژنانی كوردستان، بە بۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، بە دروشمی '٨ی مارس سمبولی یەكسانی و پێشكەوتن'ە پانێڵێكی زانستی ئەنجامدا.

سەرەتای مەراسیمەکە بە دەستپێشخەری پارێزگاری هەڵەبجە و سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە ١٢٠ دار سنەوبەریان لە دەروازەی زانکۆ ناشت، پاشان پانێڵەکە له‌لایه‌ن پرۆفیسۆر دكتۆر مهاباد كامل سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه بە وتارێک دەستیپێکرد، باسی لەوەکرد، ژنان لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە ڕۆڵی سەرەکیان هەیە، داوای لە ژنان کرد ببنە ڕێچکە شکێن لە کۆمەڵگەدا.

 

پرۆفیسۆر مهاباد کامیل وتی: پیرۆزبایمان لە ژنانی ئازادی خواز خۆمان بە خۆشحال دەزانین کە ئەتوانین وەک زانکۆ چالاکی جیاواز ئەنجام بدەین، بڕیاریشە بچینە ناو خەلک بەو ئامانجەی نیشانی بدەین، کە تەنها کار لەسەر ژنانی ناو زانکۆ و ڕێکخراوەکان ناکەین بەڵکو ئامانجمان ژنانە لە هەرشوێنێکی کۆمەڵگە بن.

 

هەروەها مونیرە ئەبوبەکرد، دەربارەی بەمێینە كردنی هەژاری، شوانە نوری لەسەر پێگەی ژن لە هۆنراوەی كوردیدا، هەتاو حەمەساڵح دەربارەی، فەلسەفەی ئازادی و مافەكانی ژنان درێژەیان بە پانێڵەکە دا.

 

له‌ كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌شدا  له‌لایه‌ن لقی شاره‌زووری یه‌كێتی ژنانه‌وه‌ خه‌ڵات به‌خشرایه‌ كۆمه‌ڵێک ژنی ئازاو بوێر، کە توانیویانە ‌بوێرانه‌ به‌رگری له‌ خاک و  نیشتمان و ژنان بکەن.