نەسرین حوسنی، لە زیندانەوە مۆڵەتی وەرگرت

نەسرین حوسنی، ڕۆژنامەنووسێکی زیندانیکراوی زیندانی جنورد، ماوەی چوار ڕۆژ لەژێر چاودێری دادگا مۆڵەتی وەرگرت.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، نەسرین حوسنی، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری هەفتەنامەی گەشتیاری ڕۆژهەڵات کە لە زیندانی جنورد زیندانی کرابوو، بە کەفالەت و لە ژێر چاودێری دادگا ماوەی چوار ڕۆژ مۆڵەتی وەرگرت.

 

ئەم ڕۆژنامەنووسە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلاب لە شاری جنورد بە تۆمەتی 'چالاکی دژ بە سیستەمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لە سۆشیاڵ میدیا' بە یەک ساڵ زیندانی سزادرا.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە، پێشتر لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی شاری جنورد بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی درۆ، سزای حەوت مانگ زیندانی و پێدانی یەک ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا،نەسرین حوسنی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو لە سەردەمی شۆڕشی 'ژن-ژیان-ئازادی' لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.