چالاکوانانی مەخموور: بیری ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادی هەموو جیهانە

ژنانی گەنج لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخموور کە بەشدارییان لە چالاکییدا کرد ئاماژەیان بەوەکرد، پێویستە چالاکییەکان بەهێز بکرێن بۆ شکاندنی گۆشەگیرییەکە، چونکە بیری ڕێبەر بۆ ئازادی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانە.

بەرژین کارا

 

مەخموور- بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە گۆشەگیرییەکی توند لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالی ئەنجامدەدرێت و لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە هیچ زانیارییەک بەدەست نەگەیشتووە،لە سەرانسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات چالاکی لەبەرامبەر گۆشەگیریی سەر ئیمرالی ئەنجام دەدرێت، لە ٢٠ی تەمووزدا لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخموور بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، چالاکی ئێشکگری دەستیپێکرد، ئەم چالاکیە زیاتر لە ٥ مانگە بەردەوامە و ئەو چالاکوانانەی کە بەشداری لە چالاکییەکەدا دەکەن بەردەوامن لە تێکۆشان.

 

ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"نابێت بیری ڕێبەر ئاپۆ لەناو چوار دیواردا بهێڵینەوە"

گوڵان پیشکین ئاماژەی بەوەکرد، وەک ژنانی گەنج لە کامپی مەخموور هەرچی بەرپرسیارێتییەکیان هەیە بۆ شکاندنی گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێی دەکەن، وتی: ماوەی سێ ساڵە هیچ زانیارییەکمان لە ئەوەوە وەرنەگرتووە و گومانمان لە تەندروستییەکەی هەیە، پێویستە هەنگاو بندرێت بۆ شکاندنی ئەم گۆشەگیرییە و دەستمان کردووە بە گرتنەبەری هەنگاو، پێویستە چالاکییەکانمان فراوانتر بکەین و گۆشەگیری سەر ڕێبەر بشکێنین، چونکە بیری ڕێبەری ئاپۆ تەنها بۆ ئازادی کوردستان نییە، بەڵکو بۆ ئازادی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانە، بۆیە پێویستە بیری ڕێبەر لەناو چوار دیواردا بەجێ نەهێڵین.

 

"بە چالاکیی زیندانیانی سیاسی گۆشەگیری تێکدەشکێنن"

لە کۆتایی قسەکانیدا گوڵان پیشکین پێشوازی لە چالاکی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کرد و وتی: هیوادارم چالاکییەکە ئەنجامی هەبێت و گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەر بشکێندرێت، هیوادارین بە چالاکییەکانی زیندانییەکان لە زیندانەکان و گەنجان و دۆستانی گەلی کورد، گۆشەگیریی بشکێنین و بە شێوەیەکی جەستەیی ڕێبەڕمان ئازاد ببێت.

 

بانگی بەشداری بۆ هەڵمەتی ئازادی

یڵدز بوڵوت ئاماژەی بەوەکرد، هیچ نموونەیەک وەک گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە جیهاندا نەبیندراوە و وتی: ئەم گۆشەگیرییە دەبێت هەم لە ڕووی جەستەیی و هەم لە ڕووی دەروونییەوە لەسەر ڕێبەر هەڵبگیرێت و بۆ ئەمەش دەبێت هەموو گەنجان و کۆمەڵگەی کوردی جێگای خۆیان بگرن، بیری ڕێبەر وەک دەریا تەنها بۆ گەلی کورد سوودبەخش نییە، بەڵکو بۆ هەمووانیش سوودی هەیە، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی جەستەیی لە زیندان ئازاد بکرێت.