سلێمانی، خەڵاتی ساکینە جانسز بەخشرایە دایە ئەستی و جیهان تەها

بە بەشداری ئازادیخوازان، چالاکوانان و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی، دەیەمین ساڵیادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس، ساکینە جانسز،  فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز کرایەوە.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک مەراسیمێکی بەبۆنەی ١١مین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریس، کە هەریەک لە پێشەنگان ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لەلایەن میتی تورکەوە شەهید کران، ڕێکخست و خەڵاتی ساڵانەی ساکینە جانسز بەخشرایە ئەو ژنانەی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا ناویان بە دیاری مایەوە.

 

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر لەلایەن بنەماڵەی شەهیدانەوە مۆم داگیرسێندرا.

 

شەیما نەبی، ئەندامی ڕژاک، بەیاننامەی ڕێکخراوەکەی خوێندەوە و وتی: شەهیدکردنی ساکینە جانسز و هاوڕێکانی ئێمەی سورتر کرد لەسەر خەباتکردن، ساکینە جانسز هەمیشە هەوڵی دەدا بۆ ئەوەی ئازادی خاک و ژنان و ڕووبەڕووبوونەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری فەراهەم ببێت، بەردەوام لەناو تێکۆشانی ئازادیدا پێشەنگایەتی کردووە، ڕێگاکەی ساکینە درێژترین ڕێگایە، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، "شەهیدکردنی ساکینە درێژەپێدەری پلانگێڕی نێودەوڵەتی بوو لە دژی گەل لە کەسایەتی مندا"، بۆ ئەوەی ژنان هۆشیار ببنەوە دەبێت درێژە بە خەباتی ساکینە جانسز بدەین.

 

سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لەسەر ناوی تەڤگەری ئازادی وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد، "شەڕی تایبەت و تیرۆرکردن کاری سەرەکی دەوڵەتی تورکیایە، هەربۆیە ١١ ساڵ پێش ئێستا ساکینە جانسز و هاوڕێکانی شەهید کران، بەڵام ئەو خەباتەی ئەوان بوو بە قوتابخانەیەک بۆ ژنانی دوای خۆیان، بۆیە ئێستا ژنان پێشەنگایەتی شۆڕشەکان دەکەن، ساکینە لە زینداندا بناغەی خەباتی دامەزراند و بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژنان".

 

خەڵاتی ساڵانەی ساکینە جانسز بەخشرا

لە درێژەی مەراسیمەکەدا دوو خەڵاتی ساڵانەی ساکینە جانسز بەخشرایە، دایە ئەستی محەمەد، خەڵکی بناری قەندیل کە لە بۆردوومانی دەوڵەتی تورکیا شەهید بوو، خەڵاتەکەش لە لایەن تەلار پێنجوێنیەوە وەرگیرا.

 

خەڵاتی دووەم بەخشرایە، جیهان تەها، مامۆستا لە شاری هەولێر، کە بە شێوەیەکی گوماناوی  گیانی لە دەستدا، خەڵاتەکەش لەلایەن بێوار ئەحمەدەوە وەرگیرا.

 

لە کۆتاییدا سینەفزیۆنێک لەسەر ژیانی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و بە وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کۆتایی بە مەراسیمەکە هات.