"دانانی کامێرای چاودێری لە شوێنە تایبەتەکاندا بە تاوان دادەنرێت و سزای لەسەرە"

کێشە کۆمەڵایەتییەکان و تێکەڵکردنی ژنان بەو کێشانە دیاردەیەکی ناو کۆمەڵگەیە و پارێزەرێکیش هۆکارێکی دەگەڕێنێتەوە بۆ دانانی کامێرا لە شوێنەکانی تایبەتن بە ژنان و دواتر هەڕەشە لە ژنان دەکرێت پێی.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان و نەبوونی هۆشیاری لە بارەیانەوە، زیادبوونی حەزی ماددی و کەسی پیاوان و بەکارهێنانی ژنان بۆ مەرامی خودیی پیاو، وایکردووە هەر داهێنانێکی ئەلکترۆنی ببێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی ژنان، دانانی کامێرای چاودێری لە شوێنە گشتییەکان و بازاڕ و ئەو شوێنانەی تایبەتن بە ژنان، دواتر بەکارهێنانەوەی وێنەکان بۆ هەڕەشەکردن لە ژنان بەشێكی تری ئەو هۆکارانەیە کە توندوتیژی سەر ژنان زیاد دەکات و ڕێگایەکە بۆ بازرگانیکردن بە وێنە و ڤیدۆی ژنانەوە.

 

"دانانی کامێرە لە شوێنی خۆگۆڕینی ژنان بە تاوان دادەنرێت"

شەیما فەرەیدون، پارێزەر ئاماژەی بەوەکرد، دانانی کامێرەی چاودێری لەو شوێنانەی زیاتر ژنان سەردانی دەکەن یان تایبەتن بە پێداویستییەکانی ژنان لە ڕووی یاسایەوە هیچ بنەمایەکەی نییە و یاسای تایبەت بەوە نییە، هەرچەندە دانانی ئەم کامێرانە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتێک تاوانێک ئەنجام دەدرێت، تاوانبار بدۆزرێتەوە یان بۆ ئەوەیە بەڕێوبەری شوێنێک ئاگای لە کارمەندەکانی بێت، بەڵام دەکرێت هەندێک جار ئەم کامێرانە دەستکاری بکرێن و بۆ مەبەستی دیکە بەکاربهێنرێن، بە تایبەتی لە شوێنی خۆگۆڕینی ژنان کە لە ڕووی یاساییەوە بە تاوان هەژمار دەکرێت.

 

"ناهۆشیاری بەرامبەر یاساکان وای کردوە کامێرای چاودێری بۆ مەبەستێکی تر بەکاربهێنرێت"

شەیما فەرەیدون، ڕوونی کردەوە، بەکارهێنانی کامێرا لە شوێنی ژناندا دەچێتە قاڵبی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکانەوە، چونکە بەبێ ویست و ڕەزامەندی خاوەنەکەی وێنەکانی بردراوە، ئیتر ئەمە بۆ هەر مەبەستێک بووبێت، چونکە لە شوێنە گشتییەکانیشدا بەبێ ڕەزامەندی لایەنی ئەمنی نابێت بۆ دۆزینەوەی تاوانباریش سەیری ئەو کامێرایانە بکرێت.

 

وتیشی: کاتێک وێنە یان ڤیدۆیەک لەو کامێرانەوە دەبردرێت و مامەڵەی پێوە دەکرێت بۆ هەر مەبەستێک، بێگومان هۆکارەکەی یەکەم شت دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری کۆمەڵگە کە نازانن یاسا چۆن سزای بۆ داناون و چی تاوانێک دروستدەکەن، هۆکارێکی تری دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هەلی کار و زیادبوونی قەیرانەکان لە باشووری کوردستان، کە وا لە گەنجان دەکات بە ئاسانی دەست بدەنە ئەو کارە لەپێناو بڕێک پارە.

 

"ئەو شەرمەی کۆمەڵگە بۆ ژنانی دروستکردووە بێدەنگیان دەکات بەرامبەر مافەکانیان"

شەیما فەرەیدون ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ژنان وەک ئامرازێکی سێکسی سەیر دەکرێن، بۆیە هەمیشە وێنەیەکی نەشیاوی ژنان جێگەی سەرنجیان بووە و بەشێک لە تاکەکان ئەمە وەکو هەلێک دەبینن، زۆرجاریش بەهۆی دابونەریتەوە ئەو شەرمە لای ژنان هەر ماوە لە کاتی کێشەیەکی وادا ڕوو لە دادگا بکەن و لە ڕێگەی یاساییەوە کێشەکە چارەسەر بکەن، زۆرجار لەبەر قسەی کۆمەڵگە بێدەنگ دەبن و دەبنە قوربانی لەم بابەتانەدا، یان لە ڕووی ماددیەوە هەڕەشەی لێ دەکرێت و دواجار زۆربەی ئەو کەیسانە بە خۆکوشتنی ژنان کۆتایی دێت.

 

دەشڵێت: لەبەر کەموکورتی یاسایەکی تایبەت نییە بۆ کامێراکان، بۆیە دەچیتە قاڵبی ماددەی ٢ی ساڵی ٢٠٠٨ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانەوە، کە هەر بابەتێکی هەڕەشەکردن یان لەکەدار کردنی کەسایەتی کەسێک بێ، بەهۆی ڕەسم یان ڤیدۆوە بە بێ ڕەزامەندی کەسەکە خۆی سزا دەدرێت بە حەپسکردن، کە لە ساڵێک کەمتر نییە و لە ٥ ساڵ زیاتر نییە، هەروەها سزای ماددی کە لە یەک ملیۆن زیاتر نییە و لە ٥ ملیۆن زیاتر نییە.

 

"دەبێت خێزانەکان یارمەتیدەری ژنان بن بۆ چارەسەری کێشەکان"

شەیما فەرەیدون باسی لەوەشکرد، هەرچەندە کەیسەکانی هەڕەشەکردن بە ڕەسم و ڤیدۆی ژنان کەمتر دێنە ناو دادگاوە، بەڵام کەیسی لەم جۆرەش هەبووە لە دادگادا و کێشەی کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە، هێشتا ئەوە لای خێزانەکان ماوە کە ژنان بە تاوانبار دەبینن و هەوڵ نادەن تاوانبارانی سەرەکی بە سزا بگەن، لە کاتێکدا دەبێت خێزانەکان یارمەتیدەرێکی سەرەکی ژنان بن بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکەن و چیتر ئەو جۆرە تاوانانە ڕوونەدات.

 

لە کۆتاییدا وتی: دەبێت ژنان هۆشیار ببنەوە و ئەو شوێنانەی سەردانی دەکەن بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان، دڵنیا ببنەوە کە کامێرای لێیە یان نا، ئەگەریش کامێرا لەو شوێنانە هەبوو ڕێکاری یاسای بگرنەبەر، چونکە دواجار ئەوە کارێکی دوور لە یاسایە و بەرپرسانی ئەو شوێنە ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە.