زیاتر لە نیوەی منداڵانی ئۆکراینا بەدەست شەڕەوە دەناڵێنن
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکراینا، منداڵان بەدەست توندوتیژی و ترس و لەدەستدان و ڕاوەستاندنی خوێندنەوە دەناڵێنن.
ناوەندی هەواڵ
شەڕی ئۆکراینا کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی و خۆشگوزەرانی منداڵان هەبووە، بە مەزەندەکردنی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ مەترسی تووشبوونیان بە خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، نەخۆشی فشاری دەروونی دوای کارەسات و کێشەی دیکەی تەندروستی دەروونی هەیە، کە ئەگەری کاریگەری و کاردانەوەی درێژخایەنی هەیە.
سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ، ٢١ی شوبات بڵاویکردەوە، پشتڕاستیکردەوە کە تا ئێستا یەک لایەنی ژیانی منداڵان لە ئۆکراینا لە کاریگەریی ململانێکان ڕزگاری نەبووە، بەو پێیەی منداڵان کوژراون، برینداربوون، ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێدەهێڵن، خوێندنی سەرەتایییان لەدەستداوە، و بێبەش دەبن لە سوودەکانی ژینگەیەکی سەلامەت.
کاترین ڕوسیل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف لە میانی بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند، "منداڵانی ئۆکراینا ساڵێکی پڕ تیرۆریان بەسەربردووە، بە ملیۆنان منداڵ لەبەر سەرما و بە ترسەوە دەخەون، بەو هیوایەی کە ئەم شەڕە دڕندانەیە کۆتایی پێبێت لە خەو هەڵدەستن. منداڵان کوژران و برینداربوون و زۆرێکیان خێزان و خوشک و برا و ماڵ و قوتابخانە و گۆڕەپانی یارییەکانیان لەدەستدا، هیچ منداڵیک بەرگەی ئەم ئازارە ناگرێت.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "منداڵ پێویستیان بە کۆتایی هێنان بەم شەڕە هەیە، هەروەها پێویستیان بە ئارامییەکی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی تەمەنی منداڵییان بەدەستبهێننەوە و بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی، زۆر گرنگە کە تەندروستی لە پێشینەی کارەکان دابنرێت و پێداویستییە دەروونی کۆمەڵایەتییەکانی منداڵان دابینبکرێت.
لەدوای پەرەسەندنی شەڕ لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ یونیسێف لە سایەی پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێداویستی پەروەردەیی بۆ نزیکەی ٧٧٠ هەزار منداڵ دابینکردووە، یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار منداڵی لە خوێندنی فەرمی و نافەرمیدا داناوە، دابینکردنی تەندروستی دەروونی و پشتگیری دەروونی کۆمەڵایەتی بۆ ٢.٩ ملیۆن منداڵ دابینکردووە.
ڕوونیشکراوەتەوە، قەیرانی ئابووری لەگەڵ ئەو قەیرانە وزەیەی بەهۆی شەڕەوە دروستبووە، بووە هۆی تێکچوونی گوزەرانی منداڵان و خێزانەکان، بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان زیانێکی بەرچاویان لە داهاتیان ڕاگەیاندووە، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی یونیسێف، ٪٨٠ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە دۆخی ئابوورییان بەرەو خراپتر دەڕوات، ڕێژەی ئەو منداڵانەی لە هەژاریدا دەژین لە ٪٤٣ بۆ ٪٨٢ بەرز بووەتەوە.