هەزاران کەس ئامادەی ئاهەنگی نەورۆزی شاری گیلان بوون

سەرەڕای فشارە ئەمنییەکان و ڕێگریکردن لە ئاهەنگی نەورۆز، بە ئامادەبوونی هەزاران ژن و پیاو لە شارە جیاوازەکانەوە لە ناوچەی "ناودار"ی شاری گیلان مەراسیمی نەورۆز بە شکۆمەندییەوە بەڕێوەچوو.

 گلارە گەیلانی

 

گیلان- لە ناوچەی ناوداری شاری گیلان سەر بە پارێزگای کرماشان، مەراسیمی نەورۆز بەوپەڕی شکۆمەندییەوە بەڕێوەچوو، هاوڵاتیان بە جلوبەرگی کوردییەوە ئامادەی مەراسیمەکە بوون و ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

 

لە بەرەبەیانی مەراسیمەکەدا، هەواڵ لەسەر دەستگیرکردنی چەند چالاکوانێکی مەدەنی و هونەرمەندی ڕێکخەری مەراسیمەکە و دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکانیان و دوورخستنەوەی گروپی ئاهەنگگێڕان بڵاوکرایەوە، نزیک بە نیوەڕۆ، هێزە ئەمنییەکان لە چەند شوێنێک ڕێگرییان لە جوڵەی ئۆتۆمبێلەکان بەرەو ناوچەی ناودار کرد و داری ئاگر کردنەوەیان کۆکردنەوە، بەڵام هاوڵاتییان و چالاکانی مەدەنی پێداگرییان کرد لەسەر ئەنجامدانی ئەم ئاهەنگە و بەرەنگاری ئەو فشارانە بوونەوە و بە بەشداری هەزاران کەس ئاگری نەورۆز کرایەوە و ئاهەنگ گێڕدرا.

 

هەزاران کەس لە ئاهەنگەکەدا بە جلوبەرگی کوردی ڕەنگاوڕەنگ و هەمەچەشن و ئیجابی دڵخوازی خۆیانەوە وەڵامێکی ڕوونی فشارەکانیان دایەوە و ژن و پیاو بەبێ جیاوازی و جیاکاریی ڕەگەزی لە ئاهەنگەکەدا، بە ئاهەنگ گێڕان و کردنەوەی ئاگر و هەڵپەڕکێوە نەورۆزیان پیرۆز کرد و پەیامی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەیان دا.