"کۆنفرانسی ژن، ژیان، ئازادی هەوڵێکی ئەرێنییە بۆ نەوەکان"

نگین شێخولئیسلامی وەتەنی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی باسی لەوەکرد، ئەو بۆشاییەی کە لە نێوان نەوەی پێشوو و نەوەی گەنجدا هەبووم دوای سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بە جۆش و خرۆشەوە ئەو دوو نەوەیە گوێ بۆ یەکدی دەگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٢٠ی کانوونی دووەم، لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید کۆنفرانسی "ژن، ژیان، ئازادی" بە پێشەنگایەتی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان و بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ ژن لە ژنانی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەفغانستان، ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا دەستیپێکرد و گفتوگۆ لەسەر پرسی ژنان کرا و گرنگی یەکێتی ژنانی جیهان و هاوخەباتی بۆ ئازادی خرایەڕوو.

 

لە ڕۆژی یەکەمدا پانێڵێک بە ناونیشانی "گەڕان بەدوای حەقیقەتی ژناندا لە مێژووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرا و ئاماژە بە بەرخۆدانی ژنانی زیندانیی سیاسیی لە زیندانەکانی ئێران کرا، کە تا چ ڕادەیەک ئەشکەنجە دەدرێن دەچەوسێنرێنەوە و دەستدرێژی و پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت، هاوکات باس لە کێشە و ئازارەکانی ژنانی بەلووچ کرا، کە لە دابەشبوونی ئێران و پاکستانەوە پێش ١٠٠ ساڵ دەستی پێکردووە و تا ئەمڕۆ بەردەوامە.

 

کۆنفرانسەکە، ئەمڕۆ ٢١ی مانگ بەردەوام دەبێت و ژنان لە دوو پانێڵدا گفتوگۆ لە بارەی دۆخی ژنان و تێکۆشانی هاوبەش دەکرێت.

 

نگین شێخولئیسلامی وەتەنی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی، کە بەشداربووی کۆنفرانسەکەیە، باسی لە ڕێکخستن و چالاکییەکانی کۆنفرانسەکە کرد و وتی: لە کۆنفرانسەکەدا سیتینا بانگس، هونەرمەند و چالاکوانی سویدی، گۆرانییەکی بۆ یادی ساکینە جانسز پێشکەش کرد، ئەم چالاکوانە ئاشنا بوو بە مانیفێستی ساکینە جانسز و ژنۆلۆژی و لە هۆنراوەکەشیدا کە بە زمانی سویدی خوێندییەوە، ئاماژەی بە شەهید ساکینە جانسز و وتاری ئاشتی و ئاشتەوایی کردەوە کە ساکینە بەوایدا دەگەڕا.

 

بە وتەی نگین شێخولئیسلامی، هەموو ئاماژەکانی کۆنفرانسەکە سەرکەوتنی ئەم کۆنفرانسە دەردەخەن، چونکە سەرەڕای سەرمای زۆری وڵاتان بەڵام زیاتر لە ١٠٠ چالاکوان و ئەکادیمیست لە وڵاتانی جیاوازەوە بەشدارن، وتیشی: ئەوەی گرنگ و سەرنجڕاکێشە بەشداری نەوەی گەنجی ئەمڕۆی فێمینیزمە، کە توانیویانە تا ڕادەیەک نەوەکانی پێشوویان بناسن، ئەو بۆشاییەی کە لە نێوان ئەم دوو نەوەیەدا هەبووە دوای سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بە جۆش و خرۆشەوە ئەو دوو نەوەیە گوێ بۆ یەکدی دەگرن.

 

لە کۆتاییدا نگین شێخولئیسلامی سەبارەت بە هەڵوێستی ژنانی بەشداربوو لەم کۆنفرانسەدا وتی: لەم کۆنفرانسەدا ژنان پێیان وایە پێویستە ئەنجامە گشتییەکانی کۆنفرانسەکە لە دووەمین ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا ڕابگەیەنرێت، بەڵام بەگشتی دەتوانین بە ئەرێنی سەیری ئەو پرسە بکەین، واتە ئەو گفتوگۆیانەی لەمڕۆدا کرا، وەڵامێکی ئەرێنی بوو کە جیاواز بوو لە ڕابردوو لە ڕووی لێکتێگەشتنی یەکدییەوە.