نامەی وریشە مورادی بۆ کۆمەڵگەی ئازاد و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان
وریشە مورادی، چالاکی مافی ژنان و زیندانی سیاسی زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین، نامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە مانگرتنە نادیارەکەی بە ئامانجی تیشک خستنە سەر ئەو کوشتار و لەسێدارەدانی ناوخۆییە کە ڕۆژانە لەژێر ئاڵای ئیسلامی سیاسی لە ئێران بەڕێوەدەچن.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی شەممە ١٢ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، وریشە مورادی، چالاکی مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار) کە بە "یاخیبوون" تۆمەتبار کراوە و بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ مانگە لە بەشی ژنانی زیندانی ئەڤینە، نامەیەکی بڵاوکردۆتەوە وێڕای ئاماژەدان بە زیادبوونی ٪٣٥ لەسێدارەدانی ژنان، ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٥٣١ کەس لە زیندانە جیاوازەکانی ئێران و بە بیانووی جیاواز لە سێدارە دراون، ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی ئیسلامی ئێران هاوکات لەگەڵ شەڕی دەرەوەی سنوورەکانی، کوشتار لە زیندانەکان و لە ناو ئازادیخوازەکاندا زیادی کردووە و جەختی لە ئیرادەی خۆی بۆ درێژەدان بە مانگرتنە نادیارەکەی لە خواردن کردەوە.
دەقی تەواوی نامەکەی وریشە مورادی بەم شێوەیەیە:
"ئاگری شەڕ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، ئاگرێک کە دەیان ساڵە لە بەشە جیاوازەکانی ئەم خاکە دێرینە بە مەبەستی دروستکردنی بەناو نەزمێکی نوێ، هەناسەی لە کۆمەڵگە بڕیوە و هەرجارە بەشێکی ئەم ژیانە جوان دەسوتێنێت. سیاسەتە نیولیبراڵییەکانی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بۆ چەسپاندنی سەروەری خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هاوکات لەگەڵ هەڵوێستی دەسەڵاتخوازی زلهێزە تەقلیدییەکانی ناوچەکە، وایکردووە ئەم شەڕە بە ئاشکراتر لە جاران لە جیهاندا دەربکەوێت. لە لایەکی تریشەوە ڕۆژئاوا هەوڵی گۆڕینی ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و بۆ ئەم گۆڕانکاریەش نا لە ڕێگەی ئاشتیەوە بەڵکو لە ڕێگای شەڕەوە هاتووە و سەرەڕای ئەوەی کە سیاسەتەکانی ئامانجیان هەژموونکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە لە سەر بنەمای لەناوبردنی مێژوو و کولتوری کۆمەڵگە شکستیان هێناوە، بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە بە چڕکردنەوەی ناسیۆنالیزم و ئایینداری خۆیان بڵێسەی ئەم شەڕە هەڵدەگرن، ئەم شەڕانە کاردانەوەی جیاوازیان هەبووە و چڕی هێرشەکان مەترسی توندبوونەوەی فاشیزمی لە ناوچەکەدا لەگەڵ خۆیدا هێناوە.
"ژنان زیاترین زیانیان بەرکەوتوووە"
ڕوونە کە شەڕی ئاماژەپێکراو بەردەوام دەبێت و بەشێکی گرنگی ناوچەکە دەگرێتەوە. لە نێو ئەو تەحەددا و ململانێیانەدا، ڕژێمی ئیسلامی کە تا ساڵانێک لەمەوبەر هەوڵی دروستکردنی هیلالی شیعەی دەدا، ئێستا باس لە ناتۆی عەرەبی و یەکگرتوویی ئومەت دەکات. هاتوچۆی دیپلۆماسی ئەم دواییە بۆ وڵاتانی عەرەبی ئەم پلانە نیشان دەدات، لە کاتێکدا ئەم دژایەتی و تەحەددا و کێبڕکێیانە زنجیرەیەکی دیکەی لەناوچوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیاری دەکەن، ئەو گەل و ژنانەی زۆرترین زیانیان بەر ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی ناوچەکە کەوتووە، ئێستاش ڕووبەڕووی مەترسیی زیانەکانی ئەم شەڕە بوونەتەوە.
"نابێت ڕێگە بدەین مێژوو دووبارە ببێتەوە"
بە یەک وشە، هەرچەندە سیستەمی سەرمایەداری هەوڵی کەمکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ناوچەکە دەدات، بەڵام ئەمە بە مانای پشتیوانیکردنی گەلان، بەتایبەتی ژنان نییە. لە شەڕی نێوان زلهێزە کێبڕکێکارەکانی ناوچەکەدا کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان و منداڵان دەبنە قوربانی، یان مافیان پێشێل دەکرێت، یان ناچار دەکرێن زێدی خۆیان بەجێبهێڵن، یانیش وایان لێدەکرێت خزمەت بە ئاغاکانی ئەم شەڕە بکەن، لەم نێوەندەدا پرسێکی گرنگ کە دەبێت چارەسەر بکرێت ئەوەیە کە زیادبوونی پرس و کێشە ناوخۆییەکان و لە هەمان کاتدا سەرکوتکردنی ئازادیخوازان لە کۆمەڵگەدا، هاوتەریب لەگەڵ شەڕەکانی سنوور بەزاندن ڕوودەدات. بە واتایەکی تر هەردوو بابەتەکە پەیوەندییەکی نزیکیان بە یەکەوە هەیە. ئەمە هاوکێشەیەکی نەگبەتانەیە لە ناوچەکەدا و رژێمی ئێرانیش بێبەری نییە لەم دەسەڵاتە و بە پێچەوانەوە بە هەمان شێوەی ساڵانی شەستەکانی هجری دەڕوات، کە لە هەمان کاتدا شاهیدی شەڕی دەرەوەی سنوورەکا، کۆمەڵکوژی لە زیندانەکان و لە نێو ئازادیخوازاندا بووین. گرنگ ئەوەیە ئێستا کە ئەم سەردەمە هەمان قۆناغی شەستەکان وەبیر دەهێنێتەوە، نابێت ڕێگە بدەین مێژوو دووبارە ببێتەوە!
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕژێمی ئیسلامی ئێران وا خۆی نیشان دەدا کە تاکە دوورگەی ئارامە لە نێو دراوسێکانیدا و گێژەڵوکە و گەردەلوولەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری لەسەر نەبووە، بەڵام بینیمان چۆن سیاسەتی دەرەکی و ناوخۆی ئەو وڵاتە لەم ماوەیەدا شکستی هێناوە. لە ناوخۆدا دۆخەکە لەسەر دەسەڵاتی تۆتالیتاری توندبووە و ئەگەر دوا شانسی گەڕانەوە لەبەرچاو نەگیرێت، بە دڵنیاییەوە کۆتایی بەو گەردەلوولەدا دێت. لە کاتێکدا ئێمە هیچ نیشانەیەکی بوژانەوە و باشتربوونی دۆخەکە نابینین، هاوکات لەگەڵ سەختبوونی بارودۆخی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و دەروونی، بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت. لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی لەسێدارەدان گەیشتووەتە ٥٣١ کەس. لە ساڵی ڕابردوودا ٨١١ کەس لە سێدارە دراون و ئاماری لەسێدارەدانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی لەسێدارەدانی ژنان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە ٪٣٥ زیادی کردووە. ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە ڕژێمی ئێران نەک هەر هیچ پلانێکی نییە بۆ باشترکردنی دۆخی ئێستای کۆمەڵگە، بەڵکو بە جێبەجێکردنی سیاسەتی ئینکاریگەرایی و نەهێشتنی "ئەوانی دیکە" کە دروستی کردووە، کۆمەڵگە بەرەو لەناوچوون دەبات. هەرچەندە ئەمە زۆر ئاشکرایە، بەڵام پێویستە ئەم ڕاستییە تاڵە بگەیەنرێتە گوێی جیهان. بەشێک لە هەوڵەکان لە دژی ئەم دۆخە و لە ڕووبەڕووبوونەوە و دژایەتیکردنی دەسەڵاتی ستەمکارانەشدا بەرپرسیارێتی ئێمەی زیندانیانە.
"مەهێڵێن شەڕە سنووربەزێنەکان سێبەر بخەنە سەر سەرکوتەکانی ناوخۆی کۆمەڵگە"
وەک کەسێک کە بەم شێوەیە هەنگاوێکی ناوە بۆ گۆڕینی دۆخی کۆمەڵگە و زیاتر مانادارکردنی ژیان، و خۆی بە هاوسۆز و هاو دەنگ لەگەڵ ژنان و هەموو مرۆڤە ئازارچێشتووەکان دەزانێت، ئەو بڕیارانەی دەیدەم و ئەو کردارانەی دەیکەم بۆ بەرزکردنەوەی ئەو دۆخەیە کە هەیە و لە هەمان کاتدا هەڵوێستێکە دژی ئەو ستەمانەی کە بەسەر ئازادیخوازاندا سەپێنراوە و ناگەنە داواکاری تاکەکەسی. سەرەتای مانگرتنی نادیارم لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدانیش بەهەمان ئامانجە. ئەگەر ئەو کوشتارانە دەبینن کە بەهۆی شەڕەوە دروست بووە و بۆ دژایەتیکردنی هاوارێکی نەخێر بۆ شەڕ دەکەن، پێویستە ئەو کوشتن و لەسێدارانەی ناوخۆش ببینن کە ڕۆژانە لەژێر ئاڵای ئیسلامی سیاسیدا ڕوودەدەن. مەهێڵێن شەڕە سنووربەزێنەکان سێبەر بخەنە سەر سەرکوتەکانی ناوخۆی کۆمەڵگە. مانگرتنم لە خواردن بەم ئاڕاستەیە. بە هەر نرخێک بێت، ڕێگە نادەین دەنگی شەڕڤانانی ناوخۆ کە ئازایانە ڕاوەستاون لە گێژاوەکانی شەڕدا ون ببن. بەم ئامانجەوە ڕایدەگەیەنم کە لە مانگرتنە بێسنوورەکەم لە پێناو ناڕەزایەتی دەربڕین و هەڵوێستی ڕوون لە بەرامبەر ئەو هەڵمەتە جیهانییانەی دژە لەسێدارەدان کە لەلایەن گروپ و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی ڕاگرتنی لەسێدارەدان دەستیپێکردووە، بەردەوام دەبم".