هیومان ڕایتس وۆچ: تورکیا پشتگیری لە تاوانباران دەکات
هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند، پێشوازیکردن لە "بەرپرسانی قێزەونترین تاوانەکان" لە ناوچە داگیرکراوەکانی سووریا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، پشتگوێخستنی لێپرسینەوە و دادپەروەری و ئاشتییە لە ناوچەکەدا.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ"HRW" بابەتێکی بەناونیشانی "تورکیا پێشوازی لەو گروپە سوورییانە دەکات کە تۆمەتبارن بە تاوانی مەترسیدار" بڵاوکردەوە.
تیشک خراوەتەسەر پێشوازی دەسەڵاتداران و سیاسەتمەدارانی تورکیا، بە پلەی یەکەم دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و عەلاتین چاکیچی سەرۆکی مافیای تورکیا و سەرچەتەکان "حەمزات" و "سوڵتان سلێمان شا"، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دیمەنە پشتگوێخستنی دەوڵەتی تورکیا لە تاوانەکانی ئەو گروپانە نیشان دەدات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو باندانە بە "ئەنجامدانی قێزەونترین تاوان و سەرپەرشتیکردنی تاوان" تۆمەتبار دەکات و سزای بەسەردا سەپاندوون.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ناوچە داگیرکراوەکانی سووریا "سەلامەت نین و یاساش سەروەر نییە".
هەروەها ڕێکخراوەکە هۆکاری ئەم دۆخەی بەم شێوەیە هەڵسەنگاندووە: تورکیا هەمیشە هەوڵی داوە داوای لێپرسینەوە لە تاوانباران نەکات، لە شوباتی ٢٠٢٤ ڕاگەیەندرا کە گروپەکانی سوپای نیشتیمانی سووریا، حەمزات، سوڵتان سلێمان شا، تاوانی دڕندانە ئەنجام دەدەن، منداڵ دەڕفێنن، هێرش دەکەن و ئەشکەنجە دەدەن، تاڵان و دزی دەکەن، هەروەها دەست بەسەر موڵک و ماڵی دانیشتووانەکەدا دەگرن، هیچ لێپرسینەوەیەک لەم تاوانانە نییە.
ڕێکخراوەکە سەرنجی بۆ ئەو وێنانە ڕاکێشاوە کە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردۆتەوە و ڕایگەیاند، لەم وێنانەدا ڕوونە کە دەوڵەتی تورکیا ئەو تاوانانە چارەسەر ناکات، بەڵکو ستایشی ئەو کەسانە دەکات کە بەرپرسیارن لێیان و هانیان دەدات.
بەگوێرەی ڕوانگەی ئەو ڕێکخراوە، بەهۆی پەیوەندیی باخچەلی لەگەڵ ئەو دوو گروپەی کە پێشتر باسمان کرد، ناتواندرێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە حکومەتی تورکیا بەنهێنی و بە فەرمی دەرفەتی ئەوەی پێبەخشیون کە ئەو تاوانانە ئەنجام بدەن.
شایانی باسە دەوڵەتی تورک ڕۆژانە لە عەفرین، عەزاز، جەرابلوس، ئیدلب، سەرێکانی و گرێ سپی کە داگیری کردووە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.