کۆچی ژنانی سودان بۆ شوێنە ئارامەکان قورسە

بەهۆی ململانێکانەوە ملیۆنان کەس لە سودان ئاوارە بوون، بەتایبەت ئەو ژنانەی کە ناچارن شارەکانیان بەجێبهێڵن، لەسەر ڕێگاکان ڕووبەڕووی مەترسی و سەختی دەبنەوە.

ئایە ئیبراهیم

 

سودان-ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ململانێی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ململانێکانەوە ناچاربوون لە شوێنی خۆیان بگوێزرێنەوە، ٨ ملیۆن کەسی تێپەڕاند، لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێکان، خەڵک لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر دەجوڵێن بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی سەلامەت، بەتایبەت ئەو ژنانەی لە هەرێمێکەوە دەچنە ناوچەیەکی تر، سەلامەتی گەشتکردنیان نییە، دەبێت چەندین کاتژمێر بە پێ بڕۆن و ڕووبەڕووی چەندین مەترسی و سەختی دەبنەوە.

 

ئەو ژنانەی خەرتومیان بەجێهێشت باسی گەشت و ژیانی سەختی خۆیانیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"چەند کاتژمێرێک بە پێ ڕۆیشتین"

 مامۆستا شادیە محەمەد ئەحمەد، کە لە درۆشابەوە لە باکووری خەرتوم دەژی، وتی: کاتێک شەڕ دەستیپێکرد، سەرەڕای بەردەوامی شەڕ و مەرجەکان، بیرم لەوە نەدەکردەوە ئەو ماڵە بەجێبهێڵم کە تێیدا دەژیم، تا لێرە بووم ئازاری زۆرم چەشت، لەوێشەوە ڕۆیشتم و چوومە شاری واد مەدانی سەر بە پارێزگای ئەلجەزیرە لە ناوەڕاستی وڵات، تا ئەو کاتەی کەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پشتیوانی خێرا،بەڵام دوای ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا لێرە پشکنینیان کرد، لەوێ ڕۆیشتین و چووینە پارێزگای ئەلحوش، هەرچەندە پارێزگارەکان نزیک بوون، بەڵام گەشتکردن ئاسان نەبوو، چونکە ئۆتۆمبێل نەبوو، بۆیە بە پێ ڕۆیشتین.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، شادیە محەمەد ئەحمەد باسی ئەو گەشتەی کرد کە ڕوویداو وتی: لە پارێزگای ئەلحوشەوە چووینە ناوچەیشاری سەنار، لە بارودۆخێکی ئاساییدا گەشتەکە کاتژمێر و نیوێک دەخایەنێت، بەڵام بە ٧ کاتژمێر گەیشتین، لێرەوە پەڕینەوە بۆ پارێزگای کەسالە، هەفتەیەک لێرە ماینەوە بۆ ئەوەی پشوو بدەین، پاشان گەیشتینە دوا شوێنی مەبەستمان کە پۆرت سودان بوو لە ویلایەتی دەریای سوور لە ڕۆژهەڵاتی وڵات. بەهۆی بارودۆخی سەختی ژیانەوە، ژینمان لە سەختیدایە.

 

"دوای سێ مانگی یەکەم ئازارەکە خراپتر بوو"

 لە درێژەی قسەکانیدا، شادیە محەمەد ئەحمەد ڕایگەیاند، سەختییەکانیان جیاوازە لەوانەی کە لە سەرەتای شەڕدا خەرتومیان بەجێهێشت و وتی: ئەوە جیاواز بوو لە ئازاری ئەو کەسانەی دوای چەند مانگێک ڕۆیشتن، چونکە لە قۆناغی یەکەمدا پەڕینەوە لە ڕێگاکە ئاسانتر بوو بۆ کۆچبەران بۆ ئەوەی بگەنە شوێنی دڵخوازی خۆیان، ئۆتۆمبێل هەبوون، دوای سێ مانگی یەکەم ئازارەکە خراپتر بوو. بە تایبەتی دوای دەستگیرکردنی زۆرێک، ئەو کەسانەی ئاوارە بوون، ناچار بوون ڕێگەی جیاواز بدۆزنەوە.

 

"ئەو شوێنەی گەیشتین باش نەبوو"

پەرستار سۆهیندا عەلی لە خەرتومەوە بۆ شاری قەزاریف لە ڕۆژهەڵاتی وڵات کۆچی کردووە وتی: سەخت بوو کاتێک گەیشتن ڕووبەڕووی دیمەنێکی ناخۆش بووینەوە.

 

"لەگەڵ خێزانەکەم کە ٧ کەس بوون پایتەختم بەجێهێشت"

حیکمە عەبدولڕەحمان وتی: لەگەڵ خێزانەکەم کە ٧ کەس بووین خەرتومم بەجێهێشت و پێش ئەوەی بکەوێتە دەستی هێزەکانی پشتیوانی خێرا تێپەڕین، لە قازاریف پەڕینەوە و چووینە ناو قوتابخانەیەک کە کۆچبەرانی تێدا دەژین. هیوادارین دۆخی وڵاتەکەمان باشتر بێت و هەمووان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان.

 

"لە قوتابخانەیەکدا دەژیم"

کەوسەر ئەحمەد، کە لە ناوچەی بەری لە ناوەندی خەرتومی پایتەختەوە ڕووی لە شاری قەزاریف کردووە، چیرۆکێکی هاوشێوەی هەیە، ئاماژەی بەوەکرد، بە هاوکاری کۆچی کردووەو چەند ئۆتۆمبێلێکی گۆڕیوە تا گەیشتووەتە قوتابخانەکە و وتی: ئێستا لە قوتابخانەیەکدا دەژیم کە خەڵکی شوێنی خۆیان تێیدا دەمێننەوە، شەڕ بەردەوامە، ئێمە لە ژێر بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین.