"٨ی ئادار دەکەینە ڕۆژی خەبات و ئازادی و بەرخۆدان"

ژنانی کورد، عەرەب و سووریانی دانیشتووی شاری قامیشلۆ، ڕۆژی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنانیان بەرز ڕاگرت و ڕایانگەیاند: ٨ی ئادار دەکەینە ڕۆژی تێکۆشان و ئازادی و بەرخۆدان.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- دوای شۆڕشی ١٩ی تەمموز، خەباتی ژنان گوزارشتی لە بوون و ناسنامەی خۆیان کردم ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان یەکسانی گەل مسۆگەر دەکرێت و یەکڕیزی ژنان جێگای سەرنجە. هەروەها لە ٢٤ی شوباتدا، سەرجەم بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە ٨ی ئاداردا بە بەیاننامەیەکی هاوبەش چالاکییەکانیان ڕاگەیاند و لەناو ئەو ڕێکخراو و بزووتنەوەیانەشدا هەموو پێکهاتەکانی ژنان جێگەی خۆیان گرتەوە.

 

"٨ی ئادار دەکەینە ڕۆژی تێکۆشان و بەرخۆدان"

شاها خەلیل، ئەندامی ئیدارەی کانتۆنی جزیرە لە قامیشلۆ، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ٨ی ئادار بەم شێوەیەی خوارەوە دەربڕی، "بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئێمەی ژنان بە هەموو پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و سووریانی و چەرکەسەوە لەسەر ئاستی جیهانی خەبات دەکەین. ئەمڕۆ خەباتی ئێمە ئیلهامبەخشە بۆ ژنانی جیهان و ئەوانیش دەیانەوێت بچنە ناو شۆڕشەکەمانەوە، ئێمە وەک قەوارە کوردییەکان گرنگییەکی زۆر بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەدەین، چونکە دەوڵەتانی دەسەڵاتدار دەیانویست لەڕێگەی ژنەوە دەسەڵات و بوونمان لەناوببەن، بەڵام ژنانی کوردی وەک ساکینە جانسز و هەزارانی وەک ئەو بەرەنگاری حکومەت بوونەوە و هەمیشە شەڕیان دەکرد. ئەم خەباتە بە پێشەنگایەتی دۆستانی وەک ساکینە جانسز گەشەی کرد. لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا زۆر هێرشی توندوتیژانە بەسەرماندا کرا، بەڵام هەموو ئەو هێرشانە بە پێشەنگایەتی ژنان تێکشکێنران. ئەمڕۆ یەپەژە بەرگری لە هەموو دەستکەوتەکانی ژنان دەکات. سوپاس بۆ هەزاران ژن، ئەمڕۆش بە پێشەنگایەتی ژنان بەخێرهاتن و ئاهەنگی ٨ی مارز دەکەین. ئامانجمان ئەوەیە ٨ی ئادار بکەینە ڕۆژی بەرخۆدان و خەبات تا هەموو ڕۆژەکانمان ببنە ٨ی ئادار.

 

"٨ی ئادار بە خەباتی ژنان مسۆگەر بوو"

میریانا عیسا، کە لە پێکهاتەی سووریانییە، ٨ی ئاداری لە هەموو ژنان پیرۆز کرد و وتی: ٨ی ئادار بە واتای شۆڕشێکە بۆ هەموو ژنێک، کە بە خەباتی ژنان مسۆگەر بووە، ئەمڕۆ بارودۆخی ژنان لە ناوچەکەدا لەگەڵ شۆڕشدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. پێشتر ژن تەنیا لە ماڵەوە بوو، بەڵام ئەمە بە خەباتی ژنان شکا و ژنان بوون بە پێشەنگی شۆڕش. ژنان دەتوانن بە هێزی خۆیان سیاسەت و سەربازی و ڕۆشنبیری و زۆر شتی تر ئەنجام بدەن. وەک دەزانرێت ژنانی سووریان ڕۆڵێکی مێژوویییان هەیە وەک عەشتار کە هێمای خوداوەندە، عەشتار هێمای خۆشەویستی و ئاشتی و یەکسانییە، ئێمە وەک ژنانی سووریانی شانازی دەکەین کە ئەمڕۆ بە ماف و ناسنامەی خۆمانەوە دەژین.

 

"لەگەڵ هاوڕی کورد و سوورییانەکانمان دەستمان بە کار و خەبات کرد"

فاتمە جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، کە لە پێکهاتەی عەرەبە وتی: سەرەتا ئەم ڕۆژە لە هەموو ژنان پیرۆز دەکەم، وەک ژنی عەرەبی پێش شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە هەموو مافێک بێبەش بووین و بوونمان چەوسێنرایەوە، ئێمە نەماندەزانی و بە دابونەریتی دەژیاین، بەڵام دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە پێشەنگایەتی ژنان دەستی پێکرد، ئێمە وەک ژنی عەرەب لە سایەی بیرکردنەوە و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ڕێگەی ڕزگاریمان دۆزییەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێ کورد و سوورییانەکانمان دەستمان بە کار و خەبات کردووە، وەک عەرەب هەمیشە شەڕ و بەرەنگاری دەکەین، جارێکی تر ئەم ڕۆژە لە هەموو ژنانی پێشەنگ پیرۆز دەکەین و دەڵێین ٨ی ئادار دەکەینە ڕۆژی تێکۆشان و ئازادی و بەرخۆدان.