هیومان ڕایتس وۆچ: داگیرکەرانی تورکیا هەموو جۆرە پێشێلکارییەکیان ئەنجام داوە

هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کردووە کە داگیرکاری تورکیا بەرپرسیارێتی پێشێلکارییەکان و تاوانەکانی جەنگ لەو ناوچانەدا هەڵدەگرێت کە داگیری دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

داگیرکەرانی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی هەموو جۆرە پێشێلکارییەکیان لە ناوچە داگیرکراوەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام داوە، لەوانە کوشتن و ئەشکەنجەدان و ئاوارەبوونی زۆرەملێی دانیشتووانی ڕەسەن، کە تێیدا هەموو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پێشێل کراون.

 

هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکی نوێدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا بەرپرسیارە لەو پێشێلکارییانە و تاوانە جەنگییانەی لەلایەن بەکرێگیراوەکانی و گروپە چەکدارە ناوخۆییەکانەوە ئەنجامدراون لەو ناوچانەی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیرکراون.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە بەکرێگیراوەکانی داگیرکەرانی تورکیا و دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا بەشدارن لە جێبەجێکردنی پێشێلکارییەکان، دوای ئەوەی ئەو پێشێلکارییانە لە ٧٥ لاپەڕەدا تۆمارکراوە، وەک بێبەشکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەو ناوچانە لە مافی نیشتەجێبوون و خاوەندارێتی زەوی و تاڵانکردن، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک، زەوتکردن، ڕفاندن، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، دەستگیرکردنی نایاسایی، توندوتیژی زایەندی و ئەشکەنجەدان.

 

جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هیومان ڕایتس وۆچ هەروەها ڕایگەیاند، پێشێلکارییەکانی بەکرێگیراوە داگیرکەرەکانی تورکیا بەردەوام دەبێت، وەک ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی بەزۆر دژی ئەوانەی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندان، مەگەر تورکیا بەرپرسیار بێت و هەنگاو بنێت بۆ ڕاگرتنیان، وتیشی: بەرپرسانی تورکیا نەک تەنها شایەتی پێشێلکارییەکانن کە ئەنجام دەدرێن، بەڵکو وەک هێزی داگیرکەر بەرپرسیارێتیش هەڵدەگرن، لە هەندێک حاڵەتدا، ئەوان ڕاستەوخۆ بەشداربوون لە تاوانی جەنگ.

 

پرسی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ لە ناوچە داگیرکراوەکانی تورکیا هێشتا نادیارە.