دایکانی عەفرینی: خاکی خۆمان لە دوژمن دەپاراست

ژنانی عەفرین لە بەرخۆدانی سەردەمدا بە هەڵگرتنی چەک بەرگریان لە خاکی خۆیان دەکرد لە بەرامبەر داگیرکاریدا، ژنان و دایکانی عەفرین جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژوو بەجێهێشت و دووپاتیان کردەوە کە هەمیشە قوربانی بۆ وڵاتەکەیان دەدەن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨، ئەو ڕۆژەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر ناوچەی عەفرین، دژی هێرشە داگیرکارییەکان خەڵکی عەفرین بە بەرخۆدانی سەردەم لە دژی هێرشە دڕندەکان جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژوو بەجێهێشت، لە سەردەمی بەرخۆدانی سەردەمدا خەڵکی عەفرین بە پێشەنگایەتی ژنان بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرگرییان لە خاکی خۆیان کرد.

 

"ئێمە سات بە سات بەرگریمان لە خاکەکەمان کرد"

فاتمە حەسەن ڕەشۆ، کە لە بەرخۆدانی سەردەمدا شانبەشانی شەڕڤانان چەکی هەڵگرت و بەرگری لە خاکەکەی کرد لە ناوچەی ڕەجۆ، وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەڕێکی توندی دژی عەفرین ئەنجامدا، ئێمە دژی هێرشەکانین، وەک دایکان لە تەنیشت ڕۆڵەکانماندا وەستاین و بەردەوام بووین لە بەرخۆدانمان لە دژی داگیرکەران، منداڵەکانمان لە بەرەی جەنگ بەرگرییان لە خاکەکەمان دەکرد، ئێمەش لە گوند و گەڕەکەکاندا بەرگریمان دەکرد، بڕیارمان دابوو هەرگیز خاکەکەمان بۆ ئەو دوژمنانە بەجێنەهێڵین، لە بەرخۆدانی سەردەمدا هەرگیز ترسمان نەدەناسی، شەو و ڕۆژ گەلەکەمانمان پاراست، خاکی وڵاتەکەمان لە ژیانی ئێمە بەنرخترە و هەرگیز پەشیمان نابینەوە کە چی بۆ دەکەین، بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەردەوام بووین لە بەرخۆدانەکەمان، هێرشەکان بۆ سەرمان ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر دەبوون، بۆیە کۆچمان کرد و داگیرکاریمان قبوڵ نەکرد، ئێستاش بە بەرخۆدانەکەمان گەڕانەوەی عەفرین مسۆگەر دەکەین.

 

'ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکرد"

سەحیلە حەنان بریم، خەڵکی گوندی قیباری سەر بە ناوەندی عەفرین، بەرپرسیارێتی پاراستنی خاکەکەی لە ئەستۆ گرتووە و دەڵێت: شەڕێکی دڕندانە دەوڵەتی تورکیای لە عەفرین هێنایە بەرامبەرمان سات بە سات، سەرقاڵی پاراستنی خاکەکەمان و پاراستنی خەڵکی گوندەکە بووین، ڕۆڵەکانمان لە بەرەکانی شەڕدا بوون و ئێمەش لە گوندەکانی خۆمان بەرگریمان لە خاکەکەمان کرد، تا کۆتایی بێ دوودڵی لە بەرامبەر ئەرکەکانمان ڕاوەستاین، ئێستا جارێکی دیکە بەرگری لە خۆمان دەکەین هەرگیز ناوەستین، بەرگری لە شەرەف و کەرامەتمان دەکەین، بۆیە سەرکەوتن مسۆگەرە.

 

"ساتەکان بە ئازار و سەرکەوتوو بوون"

ئەمینە ئاسلان کە شانبەشانی شەڕڤانان لە ناوەندی عەفرین بەرگری لە خاکەکەی دەکرد، ساتەکانی بەرخۆدانی سەردەم بەم شێوەیە باس دەکات: "ئەردۆغان بە قورسترین و قەدەغەترین چەک هێرشی کردە سەر عەفرین، ئێمە تووشی سەختی و ئازارێکی زۆر بووین، بەڵام لە خۆڕاگریی خۆمان بەردەوام بووین، ئەو ساتانەی بە ڕەنج و سەرکەوتنەوە لە بەرخۆدانی سەردەمدا دەژیاین، ڕەنگی ژن لە پێشەنگی بەرخۆداندا بوو، ئێمە شانبەشانی هێزەکانمان بەرگریمان لە خاکەکەمان دەکرد و لە شەقامەکاندا و گەڕەکەکانی شار، ژنان چەکیان هەڵگرت و دژی هێرشەکان وەڵامیان دەدایەوە، کاتێک هێرشیان دەکرد، هاوڕێکانمان لە تەنیشتمان شەهیدان بوون و هێشتا ئێمە نەترساین، هێزمان لە هاوڕێکانمان وەرگرت، ئێمە ئامادە بووین بۆ هەر شتێک کە بەرخۆدانی سەردەم داوای دەکرد، دەرچوونمان لە عەفرین شوێنی ئازار بوو، بەڵام ئەم ئازارە دەکەینە خۆشی و عەفرین ئازاد دەکەین.