دژی داگیرکارییەکان باشوری کوردستان لەسەر پێیە

دوێنێ لە سلێمانی، دەربەندیخان، تەکیە و قەڵادزێ دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا گردبوونەوە ڕێکخرا و ئاماژەیان بەوەدا کە ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا داگیرکارییە و پێویستە هەرچی زووە لە خاکی باشوری کوردستان بچێتە دەرەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

چالاکی و ناڕەزایەتییەکان دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا تا دێت بەرفراوان دەبێت، تەنها دوێنێ لە باشوری کوردستان لە هەریەک لە شاری سلێمانی، شارۆچکەی دەربەندیخان، شارەدێی تەکیەی کاکەمەند و شارۆچکەی قەڵادزێ گردبوونەوە و ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان کرد.

 

لە شاری سلێمانی دەستەی دژی داگیرکاری و شەڕخوازی لەبەردەم نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە و یاداشتێکیان پێشکەش سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و داوایانکرد ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و عێراق بۆ ناو خاکی یەکتر هەڵبوەشێتەوە و سوپای تورکیا بنکە و بارەگاکانی بباتە دەرەوەی خاکی عێراق.

 

هەروەها لە ناو بازاڕی شارەدێی تەکیەی کاکەمەند سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بە دروشمی "بەرامبەر هێڵی خیانەت و داگیرکاری، با کوردستان بپارێزین" هاوڵاتیان ڕێپێوانیان کرد و دروشمەکانی "بمرێ خیانەت، تیرۆریست ئەردۆغان، بژی بەرخۆدانی گەریلا" وترانەوە، لە بەیاننامەیەکیشدا ئاماژەیان بەوەدا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ لەناوبردنی گەلەکەمان بەردەوامە و سڵی لە جینۆساید و کاولکاریی کوردستان نەکردووەتەوە، هێرشی ١٧ی نیسانیش تەنها بۆ سەر پەکەکە نییە بەڵکو بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی باشووری کوردستان و دەستگرتنە بەسەر نەوت و غازەکەیدا.


هەر دوێنێ لە بەردەم قاوەخانەی کلوتوری شارۆچکەی دەربەندیخان بە بەشداری هاوڵاتیان و توێژە جیاوازەکان خۆپیشاندان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان ئەنجامدرا، لە گردبوونەوەکەدا بەیاننامەیەک خوێندرایەوە و داوا لە گەل کرا کە بێدەنگ نەبن، هەروەها بە پێویست زانرا کە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی زلهێز، بێنە سەر هێڵ و ڕێگە لەو پرۆسەی داگیركارییە بگرن.


    

لەلایەکی دیکەوە لە شارۆچکەی قەڵادزێ لە هەرێمی ڕاپەڕین، شەوی ڕابردوو بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر و گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان خۆپیشاندان ئەنجامدرا، شیلان عومەر، چالاکوان بەیاننامەیەکی بۆ ڕایگشتی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا دەبێت گەلەکەمان و ھەر تاک و گروپ و ڕێکخستنێکی سیاسیی، ئەو ڕاستیە بزانێت کە لە ئێستادا پیلانگێڕییەکی مەترسیدار لەسەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان هەیە، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سەرکێشی بۆدەکات بە هاوکاریی هێزە بەکرێگیراوەکان بۆیە پێویستە لە بەرامبەردا ئامادەکاریی بکرێت بۆ ڕووبەروبوونەوەی.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە: سەرکەوتن بەسەر داگیرکەراندا، تەنھا بەیەک ھەڵوێستی و یەکگرتوویی گەل و تەواوی ھێزە کوردستانییەکان دێتەدی.