فۆزا یوسف: پێویستە هەموو کوردان بۆ خۆپاراستن چەک هەڵبگرن

فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک پەیەدە داوای لە هەموو کوردان کرد بۆ تێکشکاندنی هێرشەکان چەک هەڵبگرن و بەشداری لە سەفەربەری گشتیدا بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، فۆزا یوسف لە پەیامێکدا دەستخۆشی لە گەلی کورد کرد کە لە شەقام و شارەکاندا سەرقاڵی ئیشکگری ئازادین، و ڕایگەیاند: وەک شەڕڤانان و گەل پێکەوە بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین، بۆیە پێویستە هەموو کوردان بۆ خۆپاراستن چەک هەڵبگرن، تا کۆتایی بە هێرشەکانی سەر گەلەکەمان بهێنین.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە بە ڕۆحی شەهیدان لە مەیدانەکاندا بین تا ئەو کاتەی سەرکەوتنی هەمیشەیی بەدەست دەهێنین، هەروەها جەختی لە گرنگی یەکێتی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، تا بەدیهێنانی سەرکەوتن لە سەنگەری بەرخۆدان و خۆڕاگریدا دەمێننەوە.

 

ئەم بانگەوازەی فۆزا یوسف لە کاتێکدایە، کە هێرشی گەورەی دەوڵەتی داگیرکەری سووریا و تورک و گرووپە چەتەکان بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە.