فۆزا یوسف: داوا لە هێزە کوردییەکان دەکەین سەفەربەری ڕابگەیەنن
فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە، داوای لە هێزە کوردستانییەکان کرد سەفەربەریی گشتی ڕابگەیەنن و جەختی کردەوە کە گەلی ڕۆژئاوا لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی قڕکردن و کۆمەڵکوژیدایە.
ناوەندی هەواڵ
فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن حکومەتی دیمەشقی پایتەختەوە، بەڵام پابەندیی پێوە نەکراوە و ئێستا لە شەدادی و عەین عیسا شەڕی توند بەردەوامە و پێویستە گەلەکەمان بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بێت.
ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانە مەترسییە بۆ سەر هەبوونی کورد، هەر بۆیە داوا لە هەموو لایەن و هێزە کوردییەکان دەکات پێکەوە هەڵوێستی توندیان هەبێت و وتیشی: پێویستە سەفەربەریی گشتی ڕابگەیەنرێت، چونکە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبێتەوە.
ئەم بانگەوازە لە کاتێکدایە کە گرووپە چەتەکان هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەری چڕکردووەتەوە و فۆزا یوسف داوای لە هاوڵاتیانیش کرد کە ئامادەکاری تەواو بکەن بۆ بەرگریکردن لە خاک و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا.