فیلیز بوداک: دەبێت هەڵوێستی دژ بە داگیرکاری بگرینە بەر

فیلیز بوداک، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخموور تیشکی خستەسەر لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیاو وتی: ئەگەر گەل هەڵوێستی بەرامبەر داگیرکاری هەبێت و شێوازەکانی ژیان لەگەڵ خەباتی گەلی شۆڕشگێڕدا بگونجێت، ئەوا دەبێت توانای دژایەتی داگیرکاری لە باشووری کوردستاندا هەبێت.

نوپەلدا دەنیز

 

مەخموور- دەوڵەتی تورکیا ساڵانێکە سیاسەتی جینۆسایدی دژ بە گەلی کورد بەڕێوە دەبات، لەم دواییانەدا بە هاوکاری پەدەکە لەشکرکێشی و هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان زیادی کردووە.

 

فیلیز بوداک، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی دیموکراتیکی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" سەبارەت بە ئامانجی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا و هاوکاری لەگەڵ پەدەکە قسەی بۆ کردین.

 

"ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان سیاسەتەکانی ساڵانی نەوەدەکان جێبەجێ دەکرێت"

فیلیز بوداک ئاماژەی بەوەدا، لەشکرکێشی و هێرشەکان بۆ سەر باشووری کوردستان پەیوەندی بە هەمان ئەو سیاسەتانە هەیە کە لە ساڵانی ٩٠-٩٤ لە باکووری کوردستان ئەنجامدراون، لەشکرکێشی لە ئێستادا بە تایبەتی لە لەسەر باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت، ئامانجی یەکەم ئەوە بوو کە دەوڵەتی تورک بتوانێت گەریلاکانی ئازادی بەتەنها لە شاخدا جێبهێڵێت و گوندەکان چۆڵ بکات، لەئەنجامی ئەم سیاسەتە جینۆسایدەوە نزیک بە چوار هەزار و ٥٠٠ گوند لە باکووری کوردستان سوتێندران و شەپۆلێکی پەنابەران دەستیپێکرد، ئامانجیان ئەوەبوو کوردستان بەتاڵ بکەنەوە و گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیادا بکەن، مرۆڤ دەتوانێت ئەمە بە هەردوو جینۆسایدی فیزیکی و دیمۆگرافی پێناسە بکات، لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە دانیشتووانی کامپی مەخموور گوندەکانیان چۆڵ کرد و کۆچیان بۆ باشووری کوردستان کرد.

 

"ئامانج لەم هێرشانە تێکدانی پەیوەندییە لە نێوان گەل و گەریلادا"

فیلیز بوداک ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە ساڵانی نەوەدەکاندا دەسەڵاتی بەسەر گەلی باکووری کوردستاندا سەپاندبوو، ئەمڕۆ بەسەر گەلی باشووری کوردستاندا دەیسەپێنێت و وتی: دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی جینۆسایدە کە کۆمارەکەی لەسەر بنەمای جینۆسایدی گەلی کورد بونیاد ناوە، وەک ڕاوچییەک لە سەرتاسەری کوردستان، شەڕێکی درێژخایەن بۆ کوشتنی کورد ئەنجام دەدات، هەرچەندە ٣٠ ساڵ تێپەڕیووە، بەڵام هەمان سیاسەتی سووتاندنی گوندەکان و سروشتی کوردستان لە باشووری کوردستان بەردەوامە، بە هێرشی ئاسمانی هێرشدەکاتە سەر گوندو ئاژەڵەکانی خەڵک، دەستی بە دروستکردنی بنکە لە ناوچەکانی سەر بە باشووری کوردستان کرد، ڕۆژانە بڵاوەپێکردنی سەربازی دەکرێت و بەهۆی ئەمەوە ئەو پاسەوانەی کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەسەر گەلی باکووری کوردستاندا سەپێندرا، ئەمڕۆ بەسەر گەلی باشووری کوردستاندا دەسەپێندرێت، مەبەست لەم هێرشانە بڕینی پەیوەندی نێوان گەل و گەریلاکانی ئازادییە.

 

"دەوڵەتی تورکیا تەنیا نییە لە داگیرکاری باشووری کوردستان"

فیلیز بوداک ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا هەوڵی بەدیهێنانی پلان و خەونەکانی دەدات، هەوڵ دەدات ئەم سیاسەتە بە پشتبەستن بە خۆفرۆشان ئەنجام بدات، لە ئەنجامدا لەشکرکێشی بۆ باشووری کوردستان دەستیپێکرد، حکومەتی تورکیا گوندەکانی باشووری کوردستان بۆردومان دەکات، هاوکاریی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، خیانەتەو دۆخی دوژمنایەتی بەرامبەر کورد جێبەجێ دەکات، ئەو حزبە بە هەموو شێوەیەک پێشوازی لە دەوڵەتی تورکیا دەکات.

 

"پەدەکە گەلی خۆی دەکوژێت"

فیلیز بوداک ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی تورک بە هاوکاری لەگەڵ پەدەکە خەڵکی مەدەنی دەکوژێت، وتیشی: لە کاتی داگیرکردنی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە خەڵک بە دەستی پەدەکە دەکوژرێن، هەموو هەوڵەکانی ئەو حزبە بۆ پشتیوانیکردنە لە دەوڵەتی تورکیا، جگە لەوە هەوڵی پاراستنی دەسەڵاتی خۆی لە هەرێمی کوردستان دەدات، چونکە ئەگەر لە باشووری کوردستان شکستی هێنا، حکوومەتی ئاکەپە ناتوانێت داگیرکارییەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان ئەنجام بدات، هەر بۆیە بزاڤی ئازادیخوازی کوردستان وەک هۆکاری هەموو هێرشەکان نیشان دەدات، ئامانجیشی ئەوەیە هەرگیز ڕێگە نەدات یەکڕیزی لە کوردستان دابمەزرێت و هەرگیز دەستی لە دەستی دەوڵەتی تورکیا بەرنەدات.

 

"حکومەتی عێراقیش لەم داگیرکارییە هاوبەشە"

فیلیز بوداک، دەربارەی ئاگاداربوونی حکومەتی عێراق لەم هێرشانە و بێدەنگیەکەی وتی: هێرشی ئێستا بۆ سەر باشووری کوردستان هێرشێکی ئاسایی نییە، لەشکرکێشی بۆ سەر کوردستانیش پێشێلکردنی خاکی عێراقە ئەم داگیرکارییە گەڕانەوەی پەیمانی لۆزانە، لەڕاستیدا دەوڵەتی تورکیا هەوڵ دەدات لەڕێکەوتنی لۆزانەوە بگەڕێتەوە بۆڕێککەوتنی کۆشکی شیرین، حکومەتی عێراق ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە خۆی و هەرێمی وابەستە جێبەجێ ناکات و هاوکارە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی، بوونی گەریلاکانی ئازادی لە باشوور و عێراق بە هیچ شێوەیەک هەڕەشە نییە، تەنها دەوڵەتی تورکیا ئەمە وەک هەڕەشەیەک دەبینێت، بوونی گەریلا لە باشووری کوردستان و عێراق دەرفەتێکی مێژووییە بۆ پاراستنی خاک.

 

"حکومەتی تورکیا هەوڵی زیادکردنی هاوبەشەکانی دەدات"

فیلیز بوداک ڕایگەیاند، داگیرکردنی باشووری کوردستان مەترسییەکی مێژوویی هەیە و وتی: کاردانەوە بەرامبەر بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و هێرشی توندوتیژی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە پێویستە هەبێت، چونکە ئێستا هەوڵێک هەیە لە لایەن لایەنێکی دیکەوە بۆ هێنانی عێراق بۆ ناو ئەم هێرشە دەوڵەتی تورک زۆر باش دەزانێت کە ناتوانێت بە تەنها شەڕ لەگەڵ گەریلا بکات، هەر بۆیە هەوڵی دۆزینەوەی هاوبەش دەدات، بێگومان ئەمە مەترسییەکی مێژوویی هەیە، ئەگەر ئەم لەشکرکێشییە سەربکەوێت، هەم حکومەتی هەرێم دەست پێدەکات و هەم پلانەکانی میساقی میلی جێبەجێدەکرێن و شەڕێکی قورستر هەڵدەگیرسێت، بۆیە پێویستە خەڵک کاردانەوەی زیاتر و بەهێزتر لە دژی ئەم پلانانە نیشان بدات.

 

"بەرخۆدانی شێلادزێ نموونەیەکی بەنرخە بۆ ئێمە"

فیلیز بوداک وتی: پێویستە بەشدارییەکی بەهێزی گەلی باشووری کوردستان هەبێت بۆ خەباتی گەلی شۆڕشگێڕ، پێویستە خەڵک بە تایبەت خەڵکی باشووری کوردستان بە تەواوی بە ڕووی داگیرکارییەکاندا بوەستنەوە و ئاگاداری خاکەکەیان بن، هەرچییەک ڕووبدات، پێویستە خاکی خۆمان بپارێزین، پێویستە بەشدارییەکی بەهێزی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ هەبێت، بەرخۆدانی شێلادزێ بۆ ئێمە نموونەیەکی بەنرخە بۆ ئەوەی کوردستان چۆڵ نەکرێت و ئەم داگیرکارییە ڕوونەدات، پێویستە کاردانەوەی توند بەرامبەر بەم داگیرکارییە لە بەشەکانی کوردستان نیشان بدرێت، نابێت گەریلا بە تەنیا جێبهێڵین و گوندەکانمان چۆڵبکەین و هاوبەشی ئەم داگیرکارییە بین.

 

"بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ دەتوانین دژایەتی داگیرکاری بکەین"

فیلیز بوداک، لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە ژنان و گەنجانی باشووری کوردستان کرد ببنە قەڵغان بەرامبەر بە هێزە داگیرکەرەکان و وتی: گرنگە ژنان و گەنجانی باشووری کوردستان ببنە قەڵغان، خەڵک تەنها دەتوانێت بەرخۆدان نیشان بدات بەرامبەر بەو هێزە داگیرکەرانەی کە بەم شێوەیە هاتوونەتە سەر خاکەکەمان نەک هەر باشووری کوردستان، چوار پارچەی کوردستانیش تووشی هەمان هێرش دەبێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستە ئێمە هەموو خەڵکی کوردستان بەشداری خەباتی گەلی شۆڕشگێڕ بین و کۆتایی بە داگیرکاری بهێنین، ئەگەر مرۆڤ کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بە داگیرکاری و هەموو ژیانی بە پێی خەباتی گەلی شۆڕشگێڕ بژی، ئەوا دەتوانێت دژایەتی داگیرکاری لە باشووری کوردستان بکات.