"توركیا دۆخی مافەکانى مرۆڤی لە هەرێمى کوردستان خراپکردووە"
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕەخنەی توند لە دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامەگەری و بیروڕا دەگرێت، دەشڵێت: دۆخی ئازادیی بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق زۆر خراپتربوون.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بارەی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەگەری و پێشێلكارییەكان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوكردەوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوەکردووە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان زیاد بووە، هەروەها بەهۆی سنوورداركردنی ئازادییە بنەڕەتییەكان لە ساڵی ڕابردوودا، دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان خراپتر بووە، بەشێك لەو پێشێلكارییانە لە ئەنجامی هێرشەكانی داعش و هێرشە سەربازییەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان درووستبون.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەشێكی دیكە لە سەرپێچییەكان، كە دژی مافەكانی مرۆڤ، خەڵكی عێراق و هەرێم ئەنجام دەدرێت، لەلایەن ڕاپۆرتە باوەڕ پێكراوەكانەوە پشتڕاستكراونەتەوە، خۆیان لە خۆكوشتن، كوشتن و ئەشكەنجەی دەرەوەی یاسا، ڕفاندن و بێسەروشوێن كردن، سزادانی دڕندانەوە و نامرۆڤانە دەبیننەوە، باس لەوەشكراوە، كۆتوبەندكردن و سنوورداركردنی ئازادی ڕادەربڕین و كاری میدیایی لە عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر بووە، ئێستا مەترسی لەسەر ژیانی ڕۆژنامەنووسان درووبووە، چونکە هەڕەشەیان لێدەكرێت و توندروتیژییان بەرامبەر ئەنجام بدرێت.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، زیندان و ناوەندەكانی چاكسازیی لە دۆخی خراپدان و ڕێژەی قەرەباڵغی زیندانەكان گەیشتووتە ١٥٧٪ ، زیندانیانی نێوجەوانان لەگەڵ گەوران دانراون، هەروەها لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا سێ بەرپرس لە هەرێمی كوردستان كوژراون، ماوەی ١٨٣ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسی (ڕۆژنیوز) لەلایەن پەدەكەوە، لە دەروازەی فیشخابوور بەبێ هیچ هۆكارێك ڕفێندراوە و تا ئێستاش بێسەروشوێنە، لەوكاتەوە ڕێگە نادرێت پارێزەرانی چاویان پێ بكەوێت.